شارپرێس:
ڕۆژنامەی نەهاری لوبنانی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، ئێران بەموشەکبارانکردنی پاکستانو سوریاو عێراق لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، جارێکی دیکە کاریگەریی بەرنامەی بالیستییەکەی خۆی نیشانی جیهاندایەوە کە 40 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردوەو سەرەڕای سزا نێودەوڵەتییەکان بەردەوامبوە.
چەند سەرنجێک سەبارەت بەتوانا موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران:
قوڵییو وردی پێکان
ئێران جبەخانەیەکی گەورەی موشەکیی هەیە کە مەودای جیاوازیان هەیە - کورت (300 کم)، مامناوەند (300-1000)و دورمەودا (تا 2000)، کە بەشێکی زۆریان لەناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێنو کۆدەکرێنەوە، لەگەڵ بونی کەرتی پیشەسازییو ئەکادیمیی ئاست بەرز.
لەوبارەیەوە ئیڤا کولۆریۆتیس شارەزای کاروباری سەربازیی لەڕوسیا دەڵێت، “بەدەگمەن ساڵێک تێدەپەڕێت بەبێئەوەی ئێران پەرەپێدانی جۆرێکی نوێی موشەکی کروز یان موشەکی بالیستیکی ئاشکرانەکات".
وردە وردە ئێران موشەکگەلێکی پەرەپێدا کە بەسوتەمەنی ڕەق کاردەکات، کە جێرمی بینی لەکۆمپانیای هەواڵگریی تایبەتیی بەریتانی دەڵێت، "ئەو موشەکانە هەڵگرتنیان ئاسانترە، خێراتر کاردەکەنو بەو هۆیەوە لەڕوی تاکتیکییەوە بەسودترە".
ناوبراو بەئاژانسی فڕانس پرێسی وتوە:"ئێرانییەکان تەکنەلۆژیای موشەکی سکۆدیان لە 300 کیلۆمەترەوە بۆ 1600 کیلۆمەتر بەرزکردەوە، جگەلەوەی سیستەمی ئاڕاستەکردنی باشتریان پەرەپێداوە لەبواری ئەوەیان پێدەدات ئاڕاستەی موشەکەکە راست بکەنەوە".
هەروەک، فارزان سابت لەپەیمانگهی خوێندنی باڵا لەژنێڤ بەئاژانسە فەڕەنسییەکەی وتوه، عەمباری ئەسڵی موشەکەکانی ئێران لەلیبیاو سوریاو کۆریای باکورەوە دابینکراوە، دواتر یەکێتیی سۆڤێتو ڕوسیای فیدراڵی، ئەویش بەرلەوەی لەڕوی پەرەپێدانی موشەکەوە سەربەخۆیی بەدەستبهێنێت.
باسی لەوەشکردوە، هەرچەندە سزا نێودەوڵەتییەکانو سزاکانی ئەمریکا کاریگەرییان هەبوە لەسەر خاوکردنەوەی بەرنامە موشەکییەکەی ئێرانو زیادکردنی خەرجییەکانی، بەڵام نەیتوانیوە هەڵیبوەشێنێتەوە.
ژمارەی ناڕون
هەرچەندە جبەخانەی موشەکیی ئێران بەتەواوەتیی نەزانراوە، بەڵام پسپۆڕان پێیانوایە، ئەو وڵاتە خاوەن جبەخانەیەکی موشەکیی زەبەلاحە، جا ئەوەی لای سوپای ئێرانە یان ئەوەی لای سوپای پاسدارانی ئێرانە یان ئەوەی لای هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتەیە لەناوچەکەدا، وەک حزبوڵڵای لوبنانی وتا دەگاتە حوسییەکانی یەمەن.
ئیڤا کولۆریۆتیس دەڵێت، "تەنانەت تەنها لەتارانیشدا خەمڵاندنێکی دیاریکراو بۆ ژمارەی مووشەکەکانی ئەو وڵاتە نزیکە لەمەحاڵەوە".
ئاماژە بەوەدەکات، سوپاو سوپای پاسداران “کارگەو کۆگای جیاجیایان هەیە، بەڵام سەرچاوە عەرەبییو ڕۆژئاواییەکان پێیانوایە ئێران نزیکەی 60 هەزار موشەکی هەیە، بەشێکیش لەچاودێران دەڵێن ئێران خاوەنی نزیکەی 200 هەزار موشەکی جۆراوجۆرە.
بەرزەفڕییەکانی داهاتوو
بەرنامەی موشەکی بالیستیکی کۆماری ئیسلامیی خۆراک بۆ بەرزەفڕییە ئەتۆمییەکەی دابیندەكات، بەوپێیەی ئەگەر ئەو وڵاتە بیەوێت بۆمبی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، دەبێت پشت بەموشەکی تەکنەلۆژی بەرز ببەستێت، کە ڕۆژئاواش بەوە تۆمەتباردەکات کە دەیەوێت بیکات.
بەڵام فەرزان سابت باس لەوەدەکات، تاران خواستێکی هەیە ئەویش ئەوەیە بتوانێت ئامانجە دورەکانی لەڕێگای موشەکەوە بەوردی بپێکێتو نەیارەکانی بێئومێد بکات لەوەی گورز لەتارانو بەشێک لەبەرژەوەندییەکانی لەدەرەوە بوەشێنن، هەرنەبێت بەرامبەر بەوکارە باجێکی قورس بدەن.
لای خۆیەوە جۆن کریجانیاک ئاماژە بەوەدەکات، لەئامانجەکانی تاران بریتییە لە "بەرزکردنەوەی تواناکانی بۆ لێدانی ئامانجە جوڵاوەکان"، ئەمەش پێویستی بەسیستەمێکی ڕێنمایی باشترو کوالێتی باشتری هەواڵگریی تەکنیکی هەیە.
هەروەک دەڵێت:"دەبێت تاران کار لەسەر زیادکردنی مەودای موشەکەکانی بکات کە ئێستا ئەوپەڕی دەگاتە 2 هەزار کیلۆمەتر، ئەوەش پڕۆژەیەکی ئاڵۆزە، بەڵام بۆ هێزێکی هەرێمیی وەک ئێران دورنییە".
![](https://images.sharpress.net/root/root/images/13312023_Sharpress.gif)