سوودانی گڵۆپی سەوزی بۆ لێدانی پەكەكە هەڵكرد

ڕاپۆرت

23/01/2024‌ 4176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێكی میتی توركیا بە سەرۆكایەتی ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی دەزگاكە سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ كاربەدەستانی ئەو وڵاتە لە بەغدا كۆبووەوە.

بەپێی زانیارییەكانی گەیشتوو بە شارپرێس لەبارەی ناوەرۆكی ئەو كۆبوونەوە و دیدارانەوە، شاندەكەی توركیا بۆ عێراق چەند داواكارییەكیان هەبووە.

 

داواكارییەكانی توركیا لە بەغدا
بەپێی ئەو زانیارییانە، شاندەكەی دەوڵەتی توركیا داوایان لە كاربەدەستانی بەغدا كردووە، پارێزگاری كەركووك نەدرێت بە كورد‌و سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق لە گروپی خەمیس خەنجەر بێت.

هەروەها داوایان كردووە، لەپەرلەمانی عێراقەوە بڕیار لەسەر ناساندنی پەكەكە بدرێت وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی ‌و داواشیان كردووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئەمنی توركیا بەفەرمی بنكەیەكی سەربازی بكەنەوە.

شاندەكەی توركیا لەبەرامبەر جێبەجێكردنی ئەم داواكارییانەدا ئاو بەردەدەنەوە بۆ عێراق و چارەسەری ئەو پرسە دەكەن، رازامەندیش دەبن بەهاتنەناوەوەی دۆلار وەك جێگرەوەی وڵاتی ئوردن.

وەڵامی بەغدا بۆ داواكانی توركیا
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ شارپرێس، دەسەڵاتدارانی عێراق وەڵامی شاندەكەی توركیایان داوەتەوە و پێیان گوتون، ناساندنی پەكەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی و یەكلاكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان و كردنەوەی بنكەی سەربازی پرسی ناو پەرلەمانن.

لەبارەی دانانی پارێزگاری كەركووكەوە، بەرپرسانی عێراقی بە شاندەكەی توركیایان گوتوە، "كێشەمان نابێت پارێزگاری كەركووك لەعەرەب بێت، نەك كورد".

لەلایەكی دیكەوە بەپێی هەندێك سەرچاوەی رۆژنامەوانی، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) لەسەردانەكەیدا بۆ عێراق نەخشەیەكی پیشانی بەرپرسانی ئەو وڵاتەداوە و تێیدا شوێنی گەریلاكانی پەكەكەی تێدا دیاریكراوە، هاوكات پلانی توركیای بۆ هێرشكردنەسەر ئەو ناوچانە راگەیاندووە.

سەرۆكی میت پلانی فراوانكردنی هێرشەكانی بۆ سەر پەكەكە لە عێراق بە بەرپرسانی باڵا داوە، هاوكات پەیامێكی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیای بە بەرپرسانی عێراق گەیاندووە، كە ناوەرۆكەكەی ئەوە بووە "توركیا لەكاتی لێدان لە بارەگاكانی پەكەكە هیچ هەڵەیەك لە ناوچەی نیشتەجێبوون ناكات، وەك ئەوەی لە هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر روویدا".

هەروەها بەپێی زانیارییەكان سوودانی رەزامەندی نیشانداوە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا دژی پەكەكە.