عێراق دوای فلای بەغداد چاوەڕێی سزای مەترسیداری دیكەی ئەمریكا دەكات

ڕاپۆرت

23/01/2024‌ 1819 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەكانی جیهان و گواستنەوەی دۆلار بۆ ناو عێراق رادەگیرێت  و دیناری عێراقیش هەرەس دەهێنێت
شارپرێس

عێراق ئەو وڵاتەی بەبێ ئەوەی خواستی شەڕی هەبێت، چەند لایەنێك خەریكە دەیخزێننە نێو جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بۆیە شارەزایان هۆشداری تووند دەدەن بە حكومەت و كاربەدەستانی عێراق خۆیان لەو شەڕەوە نەگلێنن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی سزای قورسی ئەمریكا دەبنەوە و سزاكانی دوێنێی سەر كۆمپانیای فلای بەغدادیش بەسەرەتا و هۆشدارییەكی واشنتن دەزانن، ئەو سزایانەش بەجۆرێك دەبن وڵات بەرەو ئایندەیەكی مەترسیداری نادیار دەبەن.

راگیرانی هەژمارە بانكییەكانی فلای بەغداد
 ئەمڕۆ سێشەممە، بانكی ناوەندی عێراق دەستیكرد بە راگرتنی هەژمارە بانكییەكانی هێڵی ئاسمانی فلای بەغداد وەك وەڵامدانەوەی بڕیارەكانی گەنجینەی ئەمریكا بۆ سزادانی كۆمپانیاكە.

 بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان "بانكەكە لە وەڵامی سزاكانی گەنجینەی ئەمریكادا هەژماری كۆمپانیاكەی لە سێ بانكی گەورەدا راگرتووە".

هاوكات كۆمپانیای فلای بەغداد، هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ دوبەی، بەیروت و ئەستەنبوڵ لەهەولێر و بەغدادەوە،  ڕاگەیاند، ئەمەش بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە.

 كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەڵوەشاندنەوەی ئەم گەشتانە بۆ ماوەی 3 ڕۆژە  ئەمڕۆ سێشەممە، سبەی چوارشەممە، پێنجشەممە:

ئەو گەشتانەی هەڵوەشاونەتەوە:
 -بەغداد، ئەستەنبوڵ، بەغداد
 - بەغداد، سەبیحە ئەستەبوڵ، بەغداد
 -هەولێر ئەستەنبوڵ هەولێر
 -بەغداد، بەیروت، بەغداد
 -بەغداد، دوبەی، بەغداد

 دوێنێ دووشەممە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەركردنی بڕیاری  سزادانی كۆمپانیای فڕۆكەوانی فلای بەغداد و بەڕێوەبەری جێبەجێكارەكەی بە تۆمەتی پشتیوانی لە سوپای پاسدارانی ئێران و گواستنەوەی نایاسایی چەك و پارە بۆ سوپاكە و گروپەكانی ڕاگەیاند.

كۆمپانیای فلای بەغداد لە راگەیەندراوێكدا تۆمەتەكانی گەنجینەی ئەمریكای رەتكردووەتەوە و  دەڵێت رێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر بۆ قەرەبووكردنەوە و ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای زانیاری ناڕاست بووە.

سزای قورس بەڕێوەیە
نەبیل مەرسومی شارەزای بواری ئابووری، ئەو سزایانەی لە لایەن گەنجینەی ئەمریكاوە بەسەر كۆمپانیای فڕۆكەوانی فلای بەغداددا سەپاندووە، بە “هۆشدارییەكی ئابووری ئەمریكی بۆ عێراق” وەسف كرد.

مەرسوومی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا گوتی: هەردوو سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆنگرێس دەسەڵاتی دەركردنی سزایان هەیە بەپێی یاسای دەسەڵاتە ئابوورییە نائاساییەكان و تەنگەتاوییە نێودەوڵەتییەكانی ساڵی ١٩٧٧ و هەروەها  واشنتن دەتوانێت لە رێگای نەتەوە یەكگرتووەكانەوە سزا بەسەر گروپ و تاكەكاندا لە ١٨٠ ولاتدا بسەپێنێت.

ئەو شارەزا ئابوورییە بەمجۆرە ئەگەری سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر عێراق رووندەكاتەوە:

گەیاندنی دۆلار بە عێراق رادەگرێت، چونكە یاساكانی ئەمریكا وەك یاسای "سزادانی نەیارانی ئەمریكا" ڕێگەی پێدەدەن دۆلار ڕادەستی هەندێك وڵات نەكات، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار، لەو كاتەدا ڕەنگە داڕمانێكی گەورەی دیناری عێراقی ببینین، كە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی هەڵاوسانی بەربڵاو كە گەمارۆی ئەمریكا بۆ سەر عێراقمان بیردەخاتەوە. ڕەنگە یەدەگی نەختینەی عێراق لە بانكە ئەمریكییەكان بلۆك بكرێـت.

خۆبەدوورگرتن لە مامەڵەكردن لەگەڵ بانكی ناوەندی عێراق، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی جیهان پێی و پاڵیان پێدەنێت بۆ وەستاندنی مامەڵەكردن لەگەڵ بانكی ناوەندی عێراق.

سەپاندنی سزا بەسەر بانكەكان و كۆمپانیاكانی گواستنەوەی پارەی عێراقی، ئەمەش دۆخی ئابووری سەرلێشێواو دەكات و پارەداركردنی بازرگانی دەرەكی سنووردار دەكات.

ڕێگریكردن لە عێراق لە بەكارهێنانی سیستمی گواستنەوەی دارایی (SWIFT) كە تا ڕادەیەكی زۆر كەوتووەتە ژێر كاریگەری ئەمریكاوە.

 وەستاندنی بەرنامەی قەرزدان و ئاوەدانكردنەوە و هاوكاری تەكنیكی كە لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتییەوە پێشكەشی عێراق دەكرێت، بەو پێیەی ئەم دوو ڕێكخراوە لەلایەن ئەمریكاوە كۆنترۆڵكراون.

راگیرانی مۆڵەتی بەخشینی عێراق لە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بۆ هاوردەكردنی غاز و كارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق.

  ئەگەری سزاكانی ئەمریكا كاریگەری زۆری لەسەر كەرتی نەوت دەبێت، بەو پێیەی ڕەنگە ئەمریكا هاوردەكردنی لە عێراقەوە ڕابگرێت كە ڕۆژانە دەگاتە 400 هەزار بەرمیل و ڕەنگە سزاكان گەشە بكەن بۆ سەپاندنی سزای ئەمەریكا بەسەر ئەو لایەنانەی كە نەوتی عێراق دەكڕن، كە ئەمەش 93%ی داهاتی گشتی پێكدەهێنێت.

كاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراقدا دروستدەبێت، بە لاوازبوونی متمانەی وەبەرهێنەران بەتایبەتی سەبارەت بەو كۆمپانیایانە كە لە بواری نەوتدا كاردەكەن، چ ئەمریكی و بیانی، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر توانای عێراق بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەكردن دەبێت.