حەوت هۆکار وادەکەن ڕۆژانە چەوەندەری سوور بخۆیت

تەندروستی

26/01/2024‌ 772 جار خوێندراوه‌ته‌وه


جەستە ناوبەناو پێویستی بە ڤیتامینەکان هەیە بۆئەوەی سیستەمی بەرگریی جەستە بەرز بکەنەوە و وزەی پێویستی پێببەخشن، چەوەندەری سووریش یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی خۆراک و خۆراکی تەندرووست. لێرەدا دەکرێت ئاماژە بەهەندێک لە سوودە تەندرووستییەکانی چەوەندەری سوور بکەین:

چەوەندەری سوور نەک تەنها ماددە خۆراکییە گرنگەکانی وەک ڤیتامین بی، ئاسن، مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆمی تێدایە، بەڵکو سەرچاوەیەکی سەرەکیی ماددە خۆراکیەکانە کە تەنیا لە چەند خۆراکێکدا هەیە.

ماڵپەڕی ئەڵمانی "Freunden" باسی ئەو ماددە خۆراکیانەی کردووە، کە چەوەندەری سوور لەخۆی دەگرێت و چۆن کاریگەرییان لەسەر جەستەمان هەیە. سوودە بنەڕەتییەکانی چەوەندەری سوور دەتوانرێت لە حەوت خاڵدا کورت بکرێتەوە:

پەستانی خوێن دادەبەزێنێت

لە کاتی خواردنی چەوەندەری سوور کە دەوڵەمەندە بە نیترات، جەستە ئەم نیتراتانە دەگۆڕێت بۆ ئۆکسیدی نیتریک، کە خوێنبەرەکان ئارام دەکاتەوە و فراوان دەکات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ باشتر گواستنەوەی ئۆکسجین و ماددە خۆراکیەکان، بەمەش سوڕی خوێن باشتر دەبێت و پەستانی خوێن دادەبەزێت. لێکۆڵینەوەیەک کە لە سایتی کتێبخانەی نیشتمانیی پزیشکی لە ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە دەریخستووە تەنها یەک کوپ شەربەتی چەوەندەری سوور لە ڕۆژێکدا دەبێتە هۆی دابەزاندنی پەستانی خوێن.

ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە

چەوەندەری سوور بڕێکی زۆر لە ماددەی بیتان و ڤیتامین بی لەخۆدەگرێت، کە ئاستی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا کەمدەکاتەوە، بەمەش ڕێگریی دەکات لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی خوێنبەرەکان و دڵ.

بەرگەگرتن بەرز دەکاتەوە

وەرزشوانانی پیشەگەر سوودەکانی چەوەندەری سوور بەرز دەنرخێنن چونکە نیتراتی تێدایە کە وزەی ڕەها دەدات کە بەرگەگرتن بەرز دەکاتەوە. توێژینەوەکان کە لە ماڵپەڕی ئەمریکی "جۆرناڵز فیزیۆلۆژی" بڵاوکراونەتەوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئاستی وەرزشوانان بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە کاتێک سێ بۆ پێنج چەوەندەری سوور (بە شێوەی شەربەت)یان خواردووە لە کاتی وەرزشکردندا.

4. کارەکانی مێشک باشتر دەکات

ئۆکسیدی نیتریک خوێنبەرەکانی مێشکیش ئارام دەکاتەوە و فراوانیان دەکات و ئەمەش بە تایبەتی گرنگە لەگەڵ  بەتەمەنداچوونماندا، چونکە توانای بەرهەمهێنانی ئۆکسیدی نیتریکمان کەم دەبێتەوە. هەروەک میتابۆلیزمی مێشک و چالاکیی دەمارەکان کەم دەبێتەوە لەگەڵ پیربوونمان. چارەسەرەکە لە خواردنی چەوەندەری سووردایە کە وەک بزوێنەری مێشک کاردەکات، ئەنجامی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2010 ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ سیستەمێکی خۆراکیی دەوڵەمەند بە نیتراتیان پەیڕەو کردووە، توانیویانە زیاتر تەرکیز بکەن و کارەکانیان ڕێکبخەن لە چاو ئەو کەسانەی کە سیستەمە خۆراکییەکەیان نیتراتی کەمبووە.

پاڵپشتی کارەکانی جگەر دەکات

خواردنی چەوەندەری سوور ڕۆژانە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کەڵەکەبوونی چەوریی لە جگەردا بەهۆی مادەی بیتاینەوە کە لە سپێناخ و کینواشدا زۆرە. چەوەندەری سوور نەک تەنیا کارەکانی جگەر بەرز دەکاتەوە، بەڵکو کۆلیسترۆڵ و کەڵەکەبوونی چەوریی لە جگەردا کەمدەکاتەوە.

6.یارمەتیدەرە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان

چەوەندەری سوور ڕێژەیەکی بەرزی ماددەی بیتالین لەخۆدەگرێت کە ڕێگریی لە ئۆکساندن و هەوکردن دەکات و نەخۆشیی هەوکردن و درێژخایەن کەمدەکاتەوە.

7. سوودی بۆ پرۆسەی هەرسکردن هەیە

بۆ باشترکردنی کرداری هەرس، خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵ وەکو چەوەندەری سوور زۆر بەسوودە. ڕۆژانە خواردنەوەی کوپێک ئاوی چەوەندەری سوور یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی قەبزی و مایەسیریی و هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێ. زانایان دەڵێن ئەو ماددەی بیتاینەی لە چەوەندەری سووردا هەیە کاریگەریی ئەرێینی لەسەر هەرسکردن هەیە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە