دواى هه‌شت مانگ كۆترێكى سیخوڕ ئازادكرا

هەمەڕەنگ

04/02/2024‌ 547 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی ئاژانسی هەواڵی پرێس تراست ئۆف هیندستان، پۆلیسی هیندستان دوای ئەوەی بۆ ماوەی هەشت مانگ بەدیلی گرت، کۆترێکی سیخوڕیی چینی گومانلێکراوی ئازادکردوەو رەوانەی دەشت‌و دەریان کردۆتەوە.


قەیرانی کۆترەکە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو دەستیپێکرد کاتێک لەنزیک بەندەرێکی شاری مۆمبای کۆترەکە گیرا کە دوو ئەڵقە بە قاچەکانیەوە بەسترابوو، وشەکانی سەر ئەڵقەکان بەچینی لەسەریان نوسرابوو.

پۆلیس گومانی سیخوڕیکردنی کۆترەکەی کردوەو دەستبەسەریکردوەو دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئاژەڵانی لەشاری مۆمبای کردوە.

لەکۆتاییدا دەرکەوتوە کە کۆترەکە باڵندەیەکی پێشبڕکێیە لەتایوان هەڵهاتوەو ڕوی لەهیندستان کردوە، لەسەر بنەمای مۆڵەتی پۆلیسیش،  کۆترەکە گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵەی چاودێریی ئاژەڵانی بۆمبایی‌و ڕۆژی سێشەمەی ڕابردوش ئازادکرا.
ئاژانسی ئەسۆشێتدپرێس-یش ڕایگەیاندوە، نەیتوانیوە پەیوەندیی بەپۆلیسی مۆمبای بکات بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەوبارەیەوە.

گومان لەباڵندە
ئەمە یەکەمجار نییە پۆلیسی هیندستان گومانی سیخوڕیی لەباڵندەیەک بکات، دەسەڵاتدارانی کشمیری هیندستان لەساڵی 2020 کۆترێکیان ئازادکرد کە خاوەنەکەی ڕاوچییەکی پاکستانی بوو، دوای لێکۆڵینەوەیەک گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو باڵندەیە کە بەسەر سنوورە سەربازییە توندەکانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە چەکدارە ئەتۆمییەدا فڕیوە، سیخوڕ نەبوە.

کۆترێکی دیکە گیرا دوای ئەوەی دەرکەوت کە نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی بۆ نارێندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستان لەسەر پێیەکانی هەڵگرتبوو.