مووچە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوونە بابەتی گەرمی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

کوردستان

06/02/2024‌ 1224 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رەوشی عێراق تاووتوێكرا، لەوێ بابەتی مووچە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوونە بابەتی جێبایەخی بەشداربووان و قسەیان لەبارەوە دەكرێت، تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە كۆبوونەوەكە بەردەوامە.

"لە رێككەوتن  و هەماهەنگی لەبارەی مووچەوە نزیكبوونەتەوە "
 عەباس كازم نوێنەری عێراق رایگەیاند بەردەوامن لە پێشخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دەستخۆشی لەو وڵاتانە كرد هاوكاری عێراقیان كردووە.

لەبارەی كێشەكانی هەرێم و بەغداوە گوتی: لە رێككەوتن  و هەماهەنگی لەبارەی مووچەوە نزیكبوونەتەوە و هەوڵەكانیش بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوامە و هەروەها لەپەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەبێت رەچاوی دەستوور بكرێت.

هەروەها سەركۆنەی هێرشەكانی توركیا و ئێران و ئەمریكای بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق كرد.

"واشنتن خوازیاری سەقامگیرییە لە عێراق"
رۆبەر وود نوێنەری ئەمریكا ئاماژەی بەوەدا، واشنتن خوازیاری سەقامگیرییە لە عێراق، بەڵام لە هێرشی گروپە چەكدارەكان نیگەرانن، ئەو هێرشانە بێ وەڵام نامێننەوە و وەڵام دەدرێنەوە كە لە كۆنترۆڵ دەرچون.

ئاماژەی بەوەشكرد پێویستە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات بۆ سازكردنی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە هەرێمەكە لە بەهاری داهاتوودا.

"ئەمریكییەكان پێشێلی یەكپارچەیی خاكی عێراقیان كردووە"
نوێنەری روسیاش رایگەیاند، مۆسكۆ خوازیاری ئاشتی و سەقامگیرییە لە عێراقدا، بەڵام هاوڕێ ئەمریكییەكان ناسەقامگیرییان لە وڵاتەكە دروستكردووە و پێشێلی یەكپارچەیی خاكی عێراقیان كردووە بە هێرشەكانیان، ئەوە بەنزین كردنە بە ئاگردا.

لای خۆیەوە جنین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق رایگەیاند پێویستە هەرێمی كوردستان بودجەی پێویستی بۆ بنێردرێت تا بتوانێت مووچە دابینبكات، تائێستا كێشەی نێوان هەرێم و عێراق لەسەر بودجە بەردەوامە و هەرچەندە لیژنە دروست كراوە، بەڵام نەگەیشتوون بە ئەنجام. هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخراوە، ئەوەش یارمەتیدەر نییە.

"خەریكە دۆخی عێراق لەدەست دەردەچێت"
ڕاشیگەیاند، دۆخەكە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق خراپە و خەریكە دۆخی عێراق لەدەست دەردەچێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەزاندنی ئاسامانی عێراق لەلایەن فڕۆكەكانەوە بەردەوامە و لە هێرشەكانی ئەمریكا لە عێراق ١٦ كەس كوژراون. دۆخەكە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق خراپە و گروپی چەكداری زۆر لە عێراقدا هەیە و خەریكە دۆخی عێراق لەدەست دەردەچێت.

پلاسخارت وتیشی: دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق چالاكبكرێت بۆئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.

"هیوادارین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی عێراق بە زووترین كات ئەنجامبدرێت"
ناتالی ئێستیڤال، نوێنەری فەرەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت: هیوادارین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی عێراق بە زووترین كات ئەنجامبدرێت. فەرەنسا وابەستەی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستانە.

هەروەها نوێنەری فەڕەنسا هێرشەكانی سەر هەولێر و هەرێمی كوردستان بە گشتیی سەركۆنە كرد "پێویستە ئەم هێرشانە بوەستێندرێن."