ئەو فەرماندەیەی ئەمریکا کوشتی؛ دۆستی ئێران و پاسەوانی شەخسیی ئەبومەهدی موهەندیس

جیهان

08/02/2024‌ 9737 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەبو باقر ئەلساعدی، ئەو فەرماندەیەی لە بۆردوومانەکەی شەوی ڕابردووی ئەمریکا لە بەغدا کوژرا، بەلای ئەمریکییەکانەوە نێچیرێکی بە بەها بوو، بەلای ئێرانی و عێراقیەکانیشەوە کوژرانی کارەسات بوو. ئەلساعدی کێیە؟

ئەبوبەكر ساعدی ناوی راستەقینەی ویسام محەمەد سابیرە، پاسەوانی شەخسی ئەبومەهدی موهەندیس و دواتریش دامەزرێنەری كەتائیبی حزبوڵا بووە، ئەبو باقر ئەلساعدی سەرپەرشتیاری لیواكانی وەعدی حەق بووە.

 



یەكێك بووە لەو كەسە متمانەپێكراوانەی رێگەی پێدراوە بچێتە ژوورەكەی ئەبو موهەندیس، كاتێك لە كۆبونەوەدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران، هاوکات رێگەی پێدراو چەكی پێبێت كاتێك لەنزیكی گەورە فەرماندەكانی سوپای پاسداران بووە بۆ نمونە قاسم سولەیمانی.


لە کوشتنی خۆپیشاندەرانەوە بۆ هێرشکردنەسەر ئەمریکا

كاتێك ناڕەزایەتیەكانی تشرینی ساڵی (2019)ی عێراق سەریهەڵدا ئەبوبەكر ساعدی ئەفسەرێكی باڵا بووە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوەندی کە بە ئاسایشی حەشد ناسراوە سەربە هێزەكانی حەشدی شەعبی و ئەبو زەینەب ئەللامی بەرپرسی بووە.

ساعدی، بەرپرسی ناوچەی سەرەكی ناڕەزایەتیەكان بووە لە گۆڕپانی تەحریر و سەركوتكردنی خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەكان، ئاسانكاریكردن بۆ كوشتنی خۆپیشاندەران و ڕفاندن و ئەشكەنجەدانیان.

ئەبوبەكر ساعدی، سەربە بەباڵی ئەبو حسێن حمێدوای بوو لە كەتائیبی حزبوڵا، كە سەركردایەتی باڵی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان دەكات لەو میلیشیا چەكدارە.

ئەو فەرماندەیە، لەئێرانەوە فرۆكەی بێفرۆكەوانی هێناوە بۆ باشوری عێراق و لەدامەزراوەكانی حزبوڵاوە لەناوچەی جورف ئەلسەخرەوە، ئاڕاستەی ئامانجی مەدەنی كردووە لە دەوڵەتی ئیمارات، بە رێنوێنی  فەیلەقی قودسی ئێران. 

ئەبو بەكر ساعدی لەساڵی (2021)دا جارێكی تر دەركەوتووەتەوە، كاتێك سەرپەرشتی هێرشێكی كرد بە فرۆكەی بێفرۆكەوان لە (2)ی شوباتی ساڵی (2021) بۆ سەر ئیمارات، لەژێر ناوی گروپی لیواكانی وەعدی حەق كە ساعدی بەرپرسی بووە.

یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبارەی بەئامانجکردنی ئۆتۆمبێلێک لە شاری بەغدا لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە، هەڵوێستی عێراقی ئاشکراکرد و رایگەیاند "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی کردەوەیەکی روون و ئاشکرای تیرۆری لەنێوەڕاستی گەڕەکێک لە بەغدا جێبەجێ کرد".

شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، دەنگی سێ تەقینەوە لە بەغدا بیستران. دواتر دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلێکی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبو باقر ساعدی کراوەتە ئامانج، چەند خولەکێک دوای رووداوەکە، کوژرانی فەرماندەکەی حەشدی شەعبی پشتڕاستکرایەوە.

ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق لە پەیامێکدا لە بارەی کوشتنی یەکێک لە فەرماندەکانی لە هێرشێکی درۆنی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە گەلی ئیسلامی و عێراق دەکەین."، دەشڵێت، بەردەوامن لەسەر رێبازەکەیان.

فەرماندەکەی حزبوڵڵا بازنەی زیندوی پێكەوە گرێدانی كەتائیبی حزبوڵڵا و هێزەكانی حەشدی شەعبی و گروپی لیواكانی وەعدی حەق بووە، 

ساعدی بە بەڕێوەبەری پرۆسەكان و سەرۆكی ئۆپراسیۆنەكانی گورز وەشاندن، سەرۆكی ئۆپەراسیۆنەكانی دەرەوەی حزبوڵڵا وەسفكراوە، لە گورزە ئاسمانیەكەی ئەمریكاشدا، ئەبو عەبدوڵا حسێن، كە ناوە راستەقینەکەی (ئەركان ئەلعەلیاوی)یە لەگەڵ ساعدی كوژراوە. ئەرکان عەلیاوی رۆڵێكی هەواڵگری دیاری هەبووە لە كەتائیبی حزبوڵڵا.


ئەو موشەکە مەترسیدارەی ئەمریکا شەوی ڕابردوو لەبەغدا بەکاریهێنا چی بوو؟

شەوی ڕابردوو ئەمریکا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی بەغدای ڕاگەیاند، بە مووشەکی ئەی جی ئێم 114ئار 9 ئێکس بوو تیایدا فەرماندەیەکی باڵای کەتاییبی حزبووڵای عێراقیی کوژرا.

موشەکی هێڵفایەر چییە؟

مووشەکی ئەی جی ئێم 114ئار 9 ئێکس کە لەلایەن درۆنی ئێم کیو 9 ناسراو بە ریپەر واتا "دروێنەکەر"ەوە ئاراستەکرابوو، هەمان مووشەک بوو بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بەکارهێندرا. 
 
درۆنی ئێم کیو9 لەلایەن کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەتۆمیک دروستکراوە، درۆنەکە فرەئامانجە و دەتوانێت چەند کارێک بکات؛ لەوانەش چاودێری، بۆردوومانی ورد، هەواڵگری، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ئازادکردن و پاڵپشتیی ئاسمانی. 

 


 
درۆنەکە بەبێ تەقەمەنی 2.2 تۆنە و دەتوانێت 5 تۆنیش تەقەمەنی هەڵبگرێت، ئەمە جیا لە نزیکەی 2600 تۆن سووتەمەنی، درۆنەکە خێراییەکەی دەگاتە 440 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا  و توانای بڕینی نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتری هەیە. 
 
نرخی هەر یەک دانە لەو درۆنانە 56.5 ملیۆن دۆلارە و لە 2001ەوە دروستکراوە، یەکەم بەکارهێنانی لە تشرینی یەکەمی 2007 بوو لە عێراق و ئەفغانستان.
 
ئەو مووشەکەی لە ئێم کیو 9وە تەقێندرا هێڵفایەر بووە کە مووشەکێکی ئاسمان زەوییەوە و بە لەیزەر ئاراستە دەکرێت؛ دەتواندرێت بۆ پێکانی ئامانجی سەر زەوی و ئاسمانی سوودی لێ ببیندرێت.

مووشەکی هێڵفایەر درێژییەکەی 1.6 مەتر، تیرەکەی 18 سانتیمەتر و کێشەکەشی 45 کیلۆگرامە، نرخی هەر مووشەکێکیش نزیکەی 100 هەزار دۆلارە، دیارترین تایبەتمەندیشی ئەوەیە وردە لە پێکانی ئامانجەکەی و زیان بە دەوروبەری خۆیشی ناگەیەنێت.

بەپەلە