ئاژانسەکان هه‌واڵێكى گرنگ له‌باره‌ى غه‌ززه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

جیهان

10/02/2024‌ 3583 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس" کە زانیارییەکانی لەسەر زاری گەورە بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماسەوە گواستۆتەوە ئاشکرایکردوە، بزوتنەوەکە بەشێوەیەکی ئاشکرا دەستی کردوە بەبڵاوکردنەوەی هێزەکانی پۆلیس لەناوشاری غەززەو دابەشکردنی موچە بەسەر فەرمانبەرانی مەدەنی شارەکە، ئەویش دوای کشانەوەی بەشی زۆری هێزە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل لەچەند بەشێکی شارەکە.


هەروەک ئاژانسەکە پشتی بەلێدوانی دانیشتوانی شاری غەززە بەستوە باسی لەوەکردوە، ئەفسەرانی پۆلیسی سەر بەحەماس کە جلوبەرگی فەرمیی‌و مەدەنییان لەبەربوە، لەنزیک بارەگاکانی پۆلیس‌و بارەگا حکومییەکانی تر بڵاوبونەتەوە، لەوانە نەخۆشخانەی شیفا.

سەبارەت بەهۆکاری گەڕانەوەی ئەو هێزانە بۆ شارەکە، بەرپرسێکی حەماس بەئەسۆشیەیتد پرێسی وتوە:"پێویستی شارەکە بەهێزەکانی پۆلیس‌و فەرمانبەرانی حکومیی‌و وەک هەوڵێک بۆ گێڕانەوەی سیستەم‌و یاسا بۆ ناوچەکە ئەوکارەیان کردوە".

هەروەک میدیاکانی ئیسرائیلیش ئەو هەواڵەیان پشتڕاستکردۆتەوەو پەیامنێرانی میدیا ئیسرائیلییەکان باسیان لەوەکردوە، حەماس لیژنەی فریاگوزاریی حکومیی دروستکردوە، بەشێوەیەک پەیامنێری کەناڵی 11ی عیبری ئاشکرایکردوە کە بەپێی زانیارییەکانیان بەشێوەیەک لەشێوەکان دەسەڵاتی مەدەنیی حەماس دەگەڕێتەوە بۆ  ئەو ناوچانەی ئیسرائیل هێزەکانی لێ کێشاوەتەوە یان هێزەکانی کەمکردۆتەوە لەباکورو ناوەڕاستی شاری غەززە.

ئەوەش هاتوە، لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەی حەماس، ئیسرائیل کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانیی نوێی لەو ناوچانەدا ئەنجامداوە کە چالاکییەکانی پۆلیس‌و نوسینگە حکومییەکانی تێدا چالاک بۆتەوە، بەڵام چاودێرانیش پێیانوایە، بەردەوامی چالاکییە سەربازییەکانی حەماس لەسەرجەم ناوچەکاندا دژ بەسوپای ئیسرائیل، ئاماژەیە بۆئەوەی سوپای ئیسرائیل لەبەدیهێنانی یەکێک لەئامانجە سەرەکییەکانی کە لەناوبردنی یەکجارەکیی بزوتنەوەی حەماسە شکستێکی گەورەی هێناوە.

بەپەلە