ئەردۆغان بەچوار دۆسیەی هەستیارەوە بەرەو میسر بەڕێدەكەوێت

ڕاپۆرت

13/02/2024‌ 1154 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەلوتكەی ئەو گرژییەی ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ ئامادەكارییەكانی سوپای ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر شاری ڕەفەحی فەلەستین و رێوشوێنەكانی سوپای میسر بۆ ڕێگرتن لە ئاوارە فەلەستینییەكان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا دەگاتە میسر لە ڕۆژی چوارشەممە، سەردانێك كە تێیدا باس لە هاوكاری ‌و هێوركردنەوەی چەندین قەیران دەكرێت.

ئەمە یەكەم سەردانی سەرۆككۆماری توركیایە بۆ میسر دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە لە 2012 سەردانی قاهیرەی كرد و لە دوای ناكۆكییەكانی دوو وڵات بەهۆی كودێتاكەی سیسی لە دژی حكومڕانی ساوای ئیخوان موسلیمین كە لەلایەن توركیاوە پشتگیرییان دەكرا.

دوای دە ساڵ و خراپبوونی رەوشی ئابوری توركیا، ئەردۆغان هەڵمەتێكی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە پێشیانەوە میسر دەستپێكرد و چالاكییەكانی ئیخوانی لە توركیا سنورداركرد.


چوار دۆسیە
بەپێی سەرچاوەئاگادارەكان هەردوو دەوڵەتی توركیا و میسر لەسەرچوار دۆسیەی سەرەكی گفتووگۆ دەكەن.

• دۆسێی ناوچەیی و جیۆسیاسی، كە تایبەتە بە پێشهاتەكانی شەڕی غەززە، هەڵوێستی میسر و توركیا بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەكان و ڕەتكردنەوەی ئاوارەبوونی دانیشتوانی كەرتی غەززە، و هەوڵدان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ.

• دۆسیەی ئاسایش و سەربازی، پەیوەست بە هاوكاریی نێوان هەردوو وڵات لەم بوارەدا، وردەكاری بەرهەمهێنانی هاوبەش، و لێكۆڵینەوە لە فرۆشتنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا بە میسر.

• دۆسیەی ئابووری، كە باس لە پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكات، كە لە ساڵی 2022 بۆ 7.7 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، بە بەراورد بە 6.7 ملیار دۆلار لە ساڵی 2021، كە بە ڕێژەی 14% زیادیكردووە.

• پرسە هەڵپەسێردراوەكان، لەوانە دۆسیەی لیبیا و دۆسیەی گەڕان بەدوای غاز لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و هەردوو سەرۆك تاوتوێی نزیككردنەوەی بۆچوونەكان لەسەر ئەو بابەتانە  دەكەن.

هەنگاوەكانی نزیكبوونەوەی ئەنقەرە و قاهیرە
محەمەد حیجازی، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی میسر، هەنگاوەكانی لێكنزیكبوونەوەی میسر و توركیا، سەرەڕای جیاوازیی تێڕوانین لەسەر هەندێك دۆسیە، دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی كە پێشهاتەكانی ئێستای ناوچەكە ”پێویستی دەكات وڵاتانی گەورەی ناوچەكە لەنێویاندا میسر، توركیا، ئێران و سعودیە كۆدەنگ بن”.

بۆ نموونە پرسی لیبیا دەخاتەڕوو، كە لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەدەست ئاژاوەو شەڕی نێوخۆییەوە دەناڵێنێت، نزیكبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵاتەكە میسر و توركیا ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ هێنانەكایەی حكومەتێكی یەكگرتوو لە لیبیا، هەروەها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی.
 
سەبارەت بە هاوكارییە سەربازییەكان، ئەو دیپلۆماتكارەی پێشوو ئاماژە بەوە دەكات كە یاداشتێكی لێكتێگەیشتن سەبارەت بە هاوكاری و بەرهەمهێنانی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠١٣ واژۆ كراوە.

گۆڕانكاری لە ناوچەكەدا
عوسمان فاروق لۆگ ئۆغڵو، باڵیۆزی پێشووی توركیا لە واشنتن،  دەڵێت، سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ میسر ئاماژەیەكە بۆ باشتربوونی پەیوەندییەكان دوای گرژییەكانی ساڵانی 2013-2021، ئەوەش لە كاتێكی زۆر هەستیاردا دێت، بەو پێیەی ناوچەكە گۆڕانكاری گەورە بەخۆوە دەبینێت.

سەبارەت بە لێكنزیكبوونەوەی قاهیرە و ئەنقەرە، دەڵێت، "هاوكاری یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەركردنی زۆرێك لە قەیرانەكان، دیارترینیان قەیرانی لیبیا، و كەمكردنەوەی گرژییەكان لە دەریای نێوەڕاست، جگە لە پەرەپێدانی هاوكاری لەسەر ئەو پرسانەی كە لێكنزیكبوونەوەی بۆچوونەكان هەیە، لەوانەش قەیرانی سودان و قەیرانی سۆماڵ، كە هەردوو وڵات پابەندبوونیان بەسەروەری ئەو دوو وڵاتە دووپات دەكەنەوە".

سەبارەت بە دۆسێی سەربازی، لۆگ ئۆگڵو دەڵێت: “دەتوانرێت لە داهاتوودا گەشەیەكی بەرچاوی هەبێت، بەو پێیەی میسر دەتوانێت سوود لە تەكنەلۆژیای فڕۆكەی بێفڕۆكەوان وەربگرێت كە تێیدا توركیا بووەتە یەكێك لە وڵاتە پێشەنگەكانی جیهان، دیارترینیان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بایراكدارە كە لە ئۆكرانیا و ئازەربایجان كارایی شەڕی  سەلماندووە، هەروەها توركیا دەتوانێت  سوود لە تەكنەلۆژیای بەرهەمهێنانی تانكی میسری و هەندێك پیشەسازی سەربازی دیكەی بەرژەوەندی هاوبەش وەربگرێت."

لاپەڕەی نوێ
لە ساڵی ٢٠٢١ەوە نزیكبوونەوەی حكومەتەكانی میسر و توركیا بە چەند قۆناغێكی وردە وردە تێپەڕیوە لەوانە:

• لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە كاتی كردنەوەی جامی جیهانی تۆپی پێ لە قەتەر تۆقەكردن لە نێوان سیسی و ئەردۆغان ڕوویدا، دوای چەندین ساڵ لە دووركەوتنەوە.

• سامح شوكری وەزیری دەرەوەی میسر لە شوباتی ٢٠٢٣ سەردانی توركیای كرد بۆ یەكەمجار لە دوای ساڵی ٢٠١٣ بۆ ئەوەی پشتگیری توركیا بكات بەهۆی بوومەلەرزەكەی ٦ی شوباتەوە.

• وەزیری پێشووی دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو، لە مانگی ئاداری هەمان ساڵ بەرەو قاهیرە چوو.

• سیسی و ئەردۆغان ڕێككەوتن، لە میانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣، لەسەر "بەرزكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان" و ئاڵوگۆڕی باڵیۆزەكان و ئەمەش لە مانگی تەمموزی هەمان ساڵدا ڕوویدا.

• لە میانی لوتكەی گروپی ٢٠ لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان لە ئەیلوولی ٢٠٢٣ ئەردۆغان و سیسی كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.