بۆچی ئێران‌و تورکیا سودمەنترین لایەنن لەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق‌و سوریا؟

کوردستان

20/02/2024‌ 1275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شرۆڤەکاران پێیانوایە هەر کشانەوەیەکی ئەمریکا لەسوریاو عێراق کاریگەریی (کارەساتبار)ی لەسەر ئەو دوو وڵاتە دەبێت‌و هەردوو وڵاتی ئێران‌و تورکیاش سودمەند دەبن لەو کشانەوەیە، جگە لەئەگەری گەڕانەوەی داعش.


لەکۆتایی مانگی کانونی دوەمی ڕابردودا، ڤیکتۆریا نولاند جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەوەکالەت ڕایگەیاند، ئەمریکا پلانی نییە هێزە سەربازییەکانی لەسوریا بکشێنێتەوە.

لەکاتێکدا لەعێراق لە27ى کانوونی دوەمی ساڵی ڕابردودا، خولی یەکەمی گفتوگۆی دوو قۆڵی نێوان واشنتۆن‌و بەغدا دەستیپێکرد، بۆ کۆتاییهێنان بەئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی عێراق.

هەرچەندە هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لەسوریاو عێراق نییە، بەڵام دواجار کشانەوەی ئەمریکا بەوتەی خەڵکی ناوچەکە ڕودەدات.

پرسی کشانەوەی ئەمریکا لەسوریاو عێراق پرسیاری زۆری لەسەر کاریگەرییەکانی ئەو کشانەوەیە دروستکردوە ئەگەر ڕوبدات.

عەسیر شەرا نوسەرو شرۆڤەکاری سیاسیی عێراقی لەلێدوانێکدا بەپێگەی نۆرس پرێسی نزیک لەئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستانی ڕاگەیاندوە، دۆخی سوریا جیاوازە لەعێراق، “لەسوریا هێشتا تیرۆر بونی هەیەو مەترسی دروستدەکات، هەر کشانەوەیەکی ئەمریکیش کاریگەریی نەرێنی گەورەی دەبێت".

لەلایەکی دیکەوە شرۆڤەکاران پێیانوایە، بونی هێزەکانی ئەمریکا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەسەقامگیرکردنی ناوچەکەدا کە تێیدا نزیکەی 10 هەزار چەکداری ڕاهێنراوی شەڕی داعش لەلانیکەم 20 زیندانی کاتیدا ڕاگیراون‌و نزیکەی 50 هەزار ژن‌و منداڵی پەیوەندیدار بەوانەوە لەکه‌مپە پارێزراوەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) ڕاگیراون.

پێنجشەممەی ڕابردوش، ڤلادیمێر ڤۆرۆنکۆڤ یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، هۆشدارییدا لەسەرهەڵدانەوەی ئەو ڕێکخراوە لەسوریاو عێراق‌و ڕایگەیاند، هێشتا مەترسیی لەسەر ئاشتی‌و ئاسایشی نێودەوڵەتیی دروستدەکات.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ عیسام زەیتون شرۆڤەکارو کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێیوایە، تورکیاو ئێران بەپلەی یەکەم لەهەر کشانەوەی ئەمریکا لەسوریا سودمەند دەبن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەماوەی بونی بنکە ئەمریکییەکان لەسوریا، تورکیاو ئێران گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی‌و داگیرکردنی ناوچەکان‌و تاوانکاریی دژی گەلی سوریایان بەهەموو مەزهەبەکانەوە ئەنجامداوە، ئەدی ئەگەر هێزە ئەمریکییەکان بچنە دەرەوە چی ڕودەدات؟".

هەروەک عەسیر شەرا شرۆڤەکاری سیاسیی پێیوایە، ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بکشێنەوەو هێزەکانی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی جێیان بگرنەوە،ئەوە هاوسەنگی ناوچەکە تێکناچێت، لایەنی ئەمریکی دەڵێ، بونی هێز لەعێراق لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتەکانی پێشوو بوە، ئەگەر حکومەتی ئێستاش بەفەرمی داوای کشانەوە بکات، ئێمە بەو مەرجە دەکشێینەوە کە ئەواندەبێت بەرپرسیارێتیی ئەوە هەڵبگرن کە دواتر چی ڕودەدات".

ئەو شرۆڤەکارە گریمانەی گەڕانەوەی داعش بۆ عێراق ڕەتدەکاتەوە، چونکە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەنێویاندا هێزەکانی حەشدی شەعبی، وەک بەربەستێک لەبەردەم چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوەدا وەستاوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرکردە کوردەکان لەعێراق هیچ کشانەوەیەکی ئەمریکییان ناوێت، دەشڵێت:"کورد لەستەم‌و چەوساندنەوەی میلیشیا چەکدارییەکان دەترسێت‌و بەتوندی داوایکردوە هێزەکانی ئەمریکا بمێننەوە بۆ ئەوەی پارێزگارییان لێبکەن".

بەپەلە