بلاسخارت‌و عێراق

مەلەفی تایبەت

22/02/2024‌ 462 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ماوەی چەند ساڵێک ناوی بلاسخارت لەناو میدیاکانی هەرێمی کوردستان و عیراقدا بەزۆری دێت، هیچ نوێنەرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هێندەی ئەم ژنە هۆڵەندییە لەناو میدیای عیراقیدا باس نەکراوەو ناسراو نەبووە، ئەمەش هۆکاری هەیە. بەڵام لە کوردستاندا زیاد لە پێویست باسی دەکرێت، بەشێکی زۆری ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستانیش وەکو هیوایەک یان رزگارکەرێکی گەلی کوردستانی دادەنێن.  هەرچەندە هەموومان دەزانین کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو دەسەڵاتە گەورەیەی نییە کە بتوانێت  دەسەڵاتێک لاببات و دەسەڵاتێکی سیاسی تر دابنێت و ئەمڕۆ هەموو ئەو کێشە گرفت و شەڕ و ئاژاوانەی جیهان دەبینین، ئەم رێکخراوەش هیچ رۆڵی نییە. بەڵام لەهەندێک میدیای هەرێمی کوردستاندا، زیاد لە پێویست رۆڵی ئەم نوێنەرەی نەتەوە یەگرتووەکان زیاد کراوە.

ئەمساڵ کاتێک گەڕامەوە بۆ ئەوروپا و سەردانی هۆڵەندام کرد، چەند دۆست و خزمێکم بینی، ئەوانیش بەلایانەوە سەیربوو ئەم ژنە هۆڵەندییە هێندە بە باشی وەسف دەکرێت، چونکە ئەم ژنە سیاسەتمەدارە لە وڵاتەکەی خۆی، پەرلەمانی هۆڵەنەدا دەسەڵات و پۆستی وزرای لێسەندەوەو لەناو میدیای هۆڵەنداشدا وەکو سیاسەتمەدارێکی فاشیل و خراپ و کەمتەرخەم ناوبانگی هەیە.  

لە ماوەی  پێشوودا لە میدیاکانی عیراق و جیهانیش بڵاوکرایەوە کە بلاسخارت لە پۆستەکەی نامێنێت، چەند میدیایەکیش هۆکاری ئەم لابردنەی بلاسخارتیان بەستەوە بە بوونی گەندەڵی لە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق، هەرچەندە دواتر نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم هەواڵانەی رەتکردەوە.

لەدوای بیستنی ئەم هەواڵانە، دەستمکرد بە دواداچوون بەدوای  حکایەتی ئەم ژنەدا، لێرەدا حەز دەکەم  چەند لاپەڕەیەک لە ژیانی سیاسی ئەم ژنە باس بکەم، من هیچ پەیوەندییم بە ژیانی شەخسی ئەوەوە نییە، چونکە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە چۆن ژیاوەو دەژی. ئامانجیشم زیاتر بەرچاوڕوونی و بەخشینی زانیاریی راستە لەبارەی ئەم ژنە سیاسەتمەدارەوە وەکو خۆی کە هەیە و دوور لەگەورەکردن یان بچووکردنەوەی.

تێکەڵاوی سیاسی
Jeanine Hennis-Plasschaert جینین هێنس بلاسخارت لە 7 ئەپریلی  1973  لە شاری هێرلین نزیک سنووری ئەڵمانیا لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە شاری بۆدیگرافن تەواو کردووە. دواتریش چۆتە شاری ئوتریخت لە پەیمانگەی شوڤەرز لە ئەکادیمیای سکرتێری ئەوروپی تەواو کردووە. لێرە بە یاسا و رێکخراوەکانی یەکێتی ئەوروپا ئاشنا بووە. لەهەمانکاتیشدا دەرگایەکی فراوانی بۆ کردەوە تاوەکو تێکەڵی ژیانی سیاسی بێت.

لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی 2004ی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا وەک ئەندام ھەڵبژێردرا لە ڕێی گروپی ھاوپەیمانی لیبراڵ و دیموکراسی، لە ھەڵبژاردنەکانی 2009دا دووبارە ھەڵبژێردرایەوە بۆ ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا، لە 2010 دەستی لە ئەندامێتی لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کێشاندەوە، دوای ئەوەی وەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ھۆڵەندا ھەڵبژێردرا، لە 2012 دوای ھەڵبژاردنەکان وەک وەزیری بەرگری ھۆڵەندا دەستنیشانکرا ، بەردەوامی بە خزمەتەکەی دا تاوەکو  2017  لەپاش لێکۆڵینەوەی لیژنەی پەرلەمانی لە رووداوەکانی مالی، تێیدا بلاسخارت بە کەمتەخەمی تاوانبار کرا، دوای ئەوە بە فشاری پەرلەمان  دەستی لە کار کێشایەوە.

لە ئابی 2018 سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس وەک نوێنەری تایبەتی خۆی لە عێراق دەستنیشانکرد ھاوکات وەک سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق .

داکۆکیکردن لە هاورەگەزخوازەکان
بلاسخارت ئەندامێکی ئەکتیڤی  حزبی گەل بۆ ئازادیی و دیموکراسیVVD کە حزبێکی لیبراڵە و مارک ڕووتە  سەرۆک وەزیرانی پێشووی هۆڵەندا سەرۆکایەتی دەکرد. لەناو ئەم پارتەدا کاری دەکرد بۆ هاورەگەزخوازەکانی داکۆکی لە مافەکانیانی دەکرد، لەرێگەی ئەم داکۆکیکردنەشەوە دەنگێکی باشی هاورەگەزخوازەکانی بەدەستهێنا.

وەزیری بەرگری
لەساڵی 2012 دا وەکو وەزیری بەرگری بەشداری کابینەکەی رووتە دەکات و هەتاوەکو ساڵی 2017 لەم پۆستە دەمێنێتەوە بەڵام دواتر بەهۆی سکانداڵی مالی  پەرلەمان پۆستەکەی لێدەسەنێتەوە. کاتێک لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمان ئەوەیان بۆ دەرکەوت، کە بلاسخارات کەمتەرخەمبووە لە پاراساتنی گیانی سەربازانی هۆڵەندا لە مالی، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی فیشەکی خراپەوە، کە راستەوخۆ بلاسخارت بەرپرسیار بووە، ئەمەش بوو هۆیە ئەوەی پەرلەمانی هۆڵەندا لێکۆڵینەوەو پشكنینی خۆی بکات،دواجاریش بەفشاری پەرلەمان دەستی لەکارکێشایەوە.

چوون بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان
هۆڵەنداش وەکو لای خۆمان پەیوەندیییە شەخسییەکان رۆڵیان هەیە، ئەم ژنە لەپاش ئەوەی پەرلەمان لە پۆستەکەی دەرکرد، لەجیاتی ئەوەی واز لە سیاسەت بهێنێت و خەریكی کارێکی تر بێت، بەردەوامبوو لە سیاسەت، ئەوەبوو لەرێگەی پارتەکەیەوە ناردیان بۆ نیۆرک لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوێ لە ساڵی 2018 کرایە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق، ئەمەش قۆناغێکی نوێی بۆ ئەم ژنە هێنایە کایەوە. بەداخەوە لەم رێکخراوەشدا راستە کەسانی دیپلۆماتی زۆر بەڕێز و بەتوانیان تێدابووەو پێشتریش هاوکاری عیراقیان کردووە، بەڵام وەکو هەموو رێکخراوێک، زۆرجار سیاسی فاشیل لەم رێکخراوەدا جێگەی خۆی دەکاتەوە، بەتایبەتی ئەوروپییەکان کاتێک لە وڵاتەکەیان لەسەر کەمتەرخەمی دەردەکرێن، دێنە ئەم ریکخراوەوە، باشترین نموونەش بلاسخارتە.

بلاسخارت و عیراق
بلاسخارت پێش ئەوەی بێتە  عیراق مێژووییەکی زۆر باشی نەبوو، ئەمەش بەهۆی رووداوەکانی حەویجەوە لە ساڵی 2013 کەلە میدیای عەرەبیدا بە  "کۆمەڵکوژی حەویجە" ناسراوە. کاتێک خەڵكی حەویجە دژی حکومەت خۆپیشاندانیان دەکرد، خۆپیشانددانەکانیش دەستی بەعسییەکانی تێدابوو، پاش سێ رۆژ لە گەمارۆدان، هێزە عیراقییەکان بەهاوکاری هێزە هاوپەیمانەکان کە هێزە سەربازییەکانی هۆڵەنداش  بە هێزی ئاسمانی بەشداربوون، دەستکرا بە تەقەکردن لە خۆپیشاندان و نزیکەی 58 کەس کوژران، ئەمەش لەناو جیهانی عەرەبی سوونەدا هەرای گەورەی نایەوە، هەندێکیش پێیانوایە، هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە پێش هەموویانە داعش و قاعیدە، سوودی زۆریان لەم کۆمەڵکوژییە بینی، بۆئەوەی هەستی عەرەبە سوونەکان لەدژی حکومەت بجووڵێنن. هەرچەندە حکومەت و پەرلەمانی عیراقی لێکۆڵینەوەی وردیان ئەنجامدا و چەند بەرپرسێکی سەربازیی و ئەمنیش سزادران، بەڵام ئەمە وەکو بەنزین وابوو بیکەیت بە ئاگردا، بۆئەوەی خەڵکی ناوچە عەرەبە سوونییەکان زۆرتر دژی حکومەتەکەی مالکی بوەستنەوە.

لەم تاوانەشدا هێزە سەربازییەکانی هۆڵەندا بەشداربوون کەئەوکاتە بلاسخارت  وەزیری بەرگری بووە، بەپێی ئەو راپۆرتەی کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا" پینتاگۆن" لەبارەی رووداوەکەوە کردوویەتی، باس لە تێوەگلانی هێزەکانی هۆڵەندا دەکات. بەڵام بلاسخارت بەبێ قڕە لەم رووداوە گەورەیەش تێپەڕیی، هەندێک میدیای هۆڵەندی باسی لەم کەمتەرخەمییەی بلاسخارت کرد، بەڵام وەکو دەڵێن زۆر گرنگیان نەبوو.

بەهەرحاڵ ئەم رووداوە رۆڵێکی زۆر خراپی لە ئاشتەوایی ناو کۆمەڵگەی عیراقی بینی، چونکە لەوکاتەدا هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان و بەعسییەکان و وڵاتانی ئیقلیمی سوونە، ئەم رووداوەیان زۆر بە خراپی قۆستەوە.

دوا قسە
بەداخەوە لای زۆرێک لە عیراقییەکان ، پێیان وایە کە هەموو ئەوروپییەک بە جددیەوە کارەکانی دەکات، بەڵام لەراستیدا ئەوەی پەیوەندی بەم ژنەوە هەیە، دوورە لەراستی، چونکە خۆی سیاسەتمەدارێکی فاشیل بووە لە وڵاتەکەی خۆی، ئیتر چۆن دەتوانێت کێشە زۆرەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق چارەسەر بکات.؟! دواجاریش وا لە پۆستەکەی لابراو ئەو فریاد رەسەش نەبوو، کە هەندیک لایەن پێیان وابوو، دەتوانێت کێشە زۆرەکانی عیراق چارەسەر بکات.

سەرچاوە:
https://repository.ubn.ru.nl/