چین چووە گۆڕەپانی كێبڕكێی دروستكردنی فڕۆكە لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا

ڕاپۆرت

25/02/2024‌ 1477 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

پێشەنگای فڕۆكەوانی سەنگافورە دەستیپێكردو بۆ یەكەمجار چین بە درووستكردنی فڕۆكەی جۆری كۆماك سی 919 كە لەئایاری ڕابردووەوە چووەتە  خزمەتەوە بۆ گەشتە ناوخۆییەكانی چین، ڕكابەری لەگەڵ بۆینگی ئەمریكی و ئێرباسی ئەوروپی دەكات بەتایبەت جۆرەكانی بۆینگ 737  ‌و ئێرباس ئەی 320 نیۆ.

یەكەم فڕۆكەی دروستكراوی چین
لە كاتێكدا كە كێبڕكێی نێوان كۆمپانیاكانی دروستكردنی فڕۆكە لە جیهان توندتردەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ قەیرانەكانی كۆمپانیای بۆینگی ئەمریكی و  ئەو تایبەتمەندییە باشانەی ئێرباسی ئەوروپی كە باس دەكرێن،  چین بە دروستكردنی یەكەم فڕۆكە هاتووەتە ناو ئەم پێشبڕكێیەوە.

بەم فڕۆكەیە ستراتیژی پەكین فراوانتر دەبێت لە بڵاوكردنەوەی كلتوری بەناوبانگی "Made in China" كە زۆرێك لە بازاڕ و سێكتەرەكانی داگیركردووە، و پێشتریش سەركەوتوویی لە زۆر بواردا سەلماندووە بەرامبەر ركابەرەكانی، هەروەها ئامانجی فڕۆكە نوێیەكە كەمكردنەوەی پشتبەستن بە كۆمپانیا بیانییەكانە.

فڕۆكەكە كەمتر لە 200 سەرنشین هەڵدەگرێت، یەكەم فڕۆكەی گەورەی نەفەرهەڵگری بەرهەمهێنانی ناوخۆیی چینە، لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا  یەكەم گەشتی بازرگانی ئاسمانی  لە ناوخۆی وڵاتدا كرد.

فڕۆكەكە تەنها پشت بە گواستنەوەی سەرنشینەكان دەبەستێت لەناو چین لە فڕین بەسەر زەویدا، هەروەها لەگەڵ هێڵی ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی چینیش گەشتەكانی دەكات.

ئەم فڕۆكەیە ناوی كۆماك سی 919یە و تەنها بۆ گەشتە ناوخۆییەكان كەڵكی لێوەردەگیردرێت.

فڕۆكەكەی چین لە پێشانگای فڕۆكەوانی سەنگافورە نمایش دەكرێت
 جێگری سەرۆكی جێبەجێكاری دەستەی گەشەپێدانی ئابووری سەنگافورە، یەكێك لە ڕێكخەرانی پێشەنگای فڕۆكەوانی سیندی كۆهی، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت “ئەمە یەكەمجارە بەشداری لە چینەوە وەربگرین”.

بەپێی هەندێك لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە چینییەكان، هێڵی ئاسمانی تبت كە سەر بە دەوڵەتە لە چین لە میانی پێشانگاكەدا فەرمانی كڕینی 40 فڕۆكەی C919ی كردووە كە فڕۆكە نوێیەكەی چینە، جگە لە 10 فڕۆكەی بچووكی ناوچەیی ARJ21 كە لەلایەن كۆمپانیای COMAC دروستكراون.
 
چین هیچ ترسی نییە لە نیشاندانی خواستی خۆی بۆ ئەوەی دواجار ڕكابەری بۆینگ و ئێرباس بكات، یەكەم دەركەوتنی فڕۆكەی C919 لە دەرەوەی وڵات لە پێشەنگایەكدا لە كاتێكدایە كە كۆمپانیای بۆینگ بەهۆی ڕووداوە لەناكاوەكانەوە دەبێتە مانشێتی ڕۆژنامەكان. مانگی ڕابردوو لە كاتی گەشتێكی هێڵی ئاسمانی ئەلاسكا لە ئەمریكا بەشێك لە دەرگای فڕۆكەی جۆری بۆینگ ٧٣٧ ماكس ٩ كەوتە خوارەوە.

هەمووان چاویان لەسەر فڕۆكەكەی چینە
لە بەرامبەردا دامەزرێنەری كۆمپانیای ڕاوێژكاری فڕۆكەوانی ئێندۆ ئەنالیتیكس، شوكور یوسف، گوتی، “فڕۆكە چینییەكان زۆرترین لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەبێت لە پێشانگای فڕۆكەوانی سەنگافورە لەلایەن بەڕێوەبەرانی كۆمپانیاكان و بەرپرسانی باڵا لە سەرانسەری جیهان."

ئاماژەی بەوەشكرد: گرنگییەكی زۆر هەیە بۆ بینینی فڕۆكەكە لەسەر زەوی، و چۆنیەتی فڕینی و تایبەتمەندیەكانی.

لە ئێستادا زۆر وڵات فڕۆكەی خۆیان دروست ناكەن؛ بەهۆی بەربەستە گەورەكانی بەردەم چوونە ناو ئەم پیشەسازییە، هەروەها پێویستی پابەندبوون بە ئاستێكی بەرزی شارەزایی تەكنیكی، و پاشەكەوتكردنی كات و سەرچاوە.

بۆ نموونە فڕۆكەی C919 ی چینی بە مەزەندەكردنی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانەكەی 49 ملیار دۆلاری تێچووە، بەپێی ئامارەكانی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی لە واشنتۆن، بەڵام سەنتەرەكە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەستەمە تێچوونەكان بە وردی دیاری بكرێت.

یوسف ئاماژەی بەوەشكرد، زیادبوونی گرژییەكانی نێوان پەكین و واشنتۆن، دۆزینەوەی بازاڕێك لە ڕۆژئاوا قورس دەكات، بەتایبەت هێشتا ئەم فڕۆكەیە لەلایەن دەزگاكانی ڕێكخستنی فڕۆكەوانی ئەمریكی و ئەوروپاییەوە پەسەند نەكراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو فڕۆكەیە  توانای فڕینی لە نێوان پێنج بۆ شەش كاتژمێردا هەیە، گونجاوە بۆ گەشتە ناوچەییەكان، ئاماژەی بەوەشكرد، توانای ئەوەی هەیە وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست ببڕێت، كە لەڕووی سیاسییەوە دۆستترن لەگەڵ چین.

سەبارەت بە كێبڕكێی كۆمپانیای ئەیرباس یان بۆینگ یوسف ڕایگەیاندووە، دەكرێت تا ڕادەیەك ببێتە ڕكابەر، بەڵام لە هەمان ئاستدا نابێت لەگەڵ ئەو دوو كۆمپانیایە بەنێوبانگەدا.