بەپێ رۆیشتن لەنەخۆشیی دڵ دەتپارێزێت

تەندروستی

25/02/2024‌ 389 جار خوێندراوه‌ته‌وه


توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن زانایانی فینلەندییەوە ئەنجامدراوە، ئاشکرایکردووە ئەو فەرمانبەرانەی کە بۆ ماوەی لانیکەم 45 خولەک بەپێ دەڕۆن بۆسەر کارەکانیان، تەندرووستیی دڵیان باشترە لە چاو ئەوانەی پشت بە ئۆتۆمبێل یان گواستنەوەی گشتیی دەبەستن.

ئەو پشکنینانەی خوێن کە لەلایەن توێژەرانەوە ئەنجامدراوە دەریخستووە ئەو کەسانەی لەشوێنی کارەکانیان بە پێ دەچن و دەگەڕێنەوە ڕێژەی پرۆتینی C-reactive یان زۆر کەمترە، کە مۆلیکولێکی زیانبەخشە و ناسراوە پەیوەندیی بە زیادبوونی مەترسیی توشبوون بە خوێن مەینەکانەوە هەیە، کە دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک.

لە میانی توێژینەوەکەدا زانایانی زانکۆی ڕۆژهەڵاتی فینلاند بەدواداچوونیان بۆ زیاتر لە شەش هەزار کارمەندی ژن و پیاو کردووە بۆ ئەوەی بزانن چۆن دەگەنە شوێنی کار و چۆن دەگەڕێنەوە، بەشداربووانی توێژینەوەکە پشکنینی خوێنیان بۆ کراوە بۆ پێوانەکردنی ئاستی پرۆتینی C-reactive.

بەپێی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ، ئەنجامەکان کە لە گۆڤاری تەندرووستیی گشتیی ئەوروپییدا بڵاوکراونەتەوە، دەریخستووە کە گەشتێکی ڕۆژانەی 15 خولەک بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی پرۆتینی کارلێککەری سییان بە ڕێژەی 7% ، بە بەراورد بەوانەی ئۆتۆمبێلەکانیان لێخوڕیوە یان گواستنەوەی گشتییان بەکارهێناوە. توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێناچێت ئەمە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندرووستیی دڵ هەبێت.

هەروەها لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بۆ ماوەی 45 خولەک بە پێ دەڕۆن، ئاستی پرۆتینی C-reactive بە ڕێژەی 18% کەم بووەتەوە بە بەراورد بە کەسانی دیکە.

لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر دۆزینەوەکانیان، توێژەران ڕایانگەیاندووە کە "جووڵەی چالاک"، وەک ڕۆیشتن، دەتوانێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە تەندرووستیی کارمەندەکاندا درووست بکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی