بۆچی نابێت دەستبەرداری "نان" بین؟

تەندروستی

06/03/2024‌ 686 جار خوێندراوه‌ته‌وه



دکتۆر ناتالیا دێنیسۆڤا پسپۆڕی بواری خۆراک و گەورە توێژەر لە سەنتەری توێژینەوەی فیدراڵیی بۆ خۆراک و بایۆتێکنۆلۆژی لە رووسیا، هۆشداری داوە لەوەی نابێت لە سیستەمی خۆراکیماندا بەتەواوەتیی دەستبارداری خواردنی "نان" بین، بەوپێیەی کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندرووستی دەبێت.

ئەو پسپۆڕە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی aif.ru ئاماژەی بەوە کردووە، وازهێنان لە نان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی کارکردن و چالاکیی هزریی و زیادبوونی ماندوێتیی بەهۆی کەمی ڤیتامین B1. ، جگە لەوەش لەوانەیە ببێتە هۆی کەمی ڤیتامین (PP) کە پێویستە بۆ مێشک، هەروەک ڤیتامین B12 کە پێویستە بۆ بینین.

ئەو خانمە پزیشکە هۆشداریی دەدات لەوەی کە وازهێنان لە بەکاربردنی نان دەبێتە هۆی کەمیی فۆلیک ئەسید، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەرگریی جەستە، هەروەک بەهۆی کەمیی ڕیشاڵی خۆراکیی، کارکردنی کۆئەندامی هەرس تێکدەچێت، ئاماژەشی بەوەداوە کە خواردنی نان بەشێوەیەکی مامناوەند یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی تەندرووستیی لە کۆئەندامی هەرس.

ئەو پسپۆڕە ئامۆژگاری خواردنی نانی چاودار دەکات، کە زیاتر لە سێیەکی پێویستی ڕۆژانەی جەستە دابین دەکات کە بریتین لە ڤیتامین B1 و E و مەگنیسیۆم و فسفۆر، هەروەک بڕێکی زۆر ئاسنی تێدایە کە لەسەدا 78ی پێویستی ڕۆژانەی جەستە بۆ ئەم توخمەیە. بوونی ترشی فۆلیک یارمەتیی هەڵمژینی ئەم کانزایە دەدات بە باشی، هەروەک دەوڵەمەندە بە ڤیتامین B2 و PP و کالیسیۆم.

ئاماژە بەوەش دەکات، تووشبووانی شەکرە و ئەوانەی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کێشیان دەدەن دەتوانن بیخۆن، چونکە ڕێژەیەکی بەرزی ڕیشاڵی خۆراکیی تێدایە، ئەمەش هەستکردن بە تێری بۆ ماوەیەکی زۆر مسۆگەر دەکات و نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گلوکۆز لە خوێندا.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە