هۆشیار عومەر، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لەڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتیدەکاتەوە وتبێتی، "عوسمان حاجی مەحمود" بەناوی بزوتنەوەکەوە پارەی وەرگرتووە.
هۆشیار عومەر لە ڕوونکردنەوەکەیدا کە وێنەیەکی بۆ شارپرێس نێردراوە دەڵێت، یەکێك لەو میدیایانەی کاری لەسەر یاداشتەکانی کردووە، کەوتوەتە هەڵەوە بەوەی وا بڵاویکردوەتەوە "من وتبێتم عوسمان حاجی مەحمود، یەکێك لە دامەزرێنەرانی گۆڕان پارەی وەرگرتووە" هاوکات هۆشیار عومەر ڕەتیدەکاتەوە لەیاداشتەکەیدا قسەی لەو جۆرەی کردبێت.
دەقی ڕوونکردنەوەکە
ڕونکردنەوەیەکی پێویست لە ھوشیار عومەرەوە.
دوای ئەوەی لە چوارچێوەی پەرتوکێکدا کۆمەڵێک یاداشت و توێژینەوەو بەڵگەنامەم بڵاوکردەوە لەبارەی دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان و کاراکتەرە سەرەکیەکانی ڕووداوەکان، دبلۆماتیک مەگەزین وەک یەکێک لەو میدیایانەی کاری لەسەر یاداشتەکانم کردووە کەوتۆتە ھەڵەیەکی زەقەوە، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەوەی گوایە من باسم لەوەکردوە بەڕێز " عوسمانی حاجی مەحموود" یەکێک بوە لەو بەرپرسانەی بزوتنەوەی گۆڕان پارەی وەرگرتوە، پەیوەندیم بە بەڕێزان لە دیبلۆماتیک کردوو ھەڵەکەم بۆ ڕاستکردنەوەو پۆزشیان ھێنایەوە.
بەندەش مەبەستمە لە ڕێگەی ئەم ڕوونکردنەوەیەوە ئاشکرای بکەم ئەو زانیاریانەی لەو ڕاپۆرتەدا ھاتوون لەبارەی برای بەرێز " عوسمانی حاجی مەحموود" سەرجەمیان ھەڵەن و لەو بەشەی پەیوەستە بە وەرگرتنی پارە لەلایەن بەرپرسانی گۆڕانەوەبە ھیچ جۆرێک ناوی کاک عوسمان نەھاتوە، بۆیە گرنگە میدیاکان بە بەرپرسیارانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە ھەواڵ و ڕاپۆرتانە بکەن.
ھوشیار عومەرعەلی
٨ئازاری ٢٠٢٤
