پشت پەردەى کردنە ئامانجى بنکەیەکى دەزگای هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2011 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز کە لەچوار سەرچاوەی ئاگادار وەرگیراوە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەئێستادا لەو ئەگەرە دەکۆڵنەوە کە ڕوسیا بەدابینکردنی زانیاریی بەئامانجگرتن یان تەکنەلۆژیای پێشکەوتوی فڕۆکەی بێفڕۆکە (درۆن)، یارمەتی ئێرانی داوە لەهێرشە درۆنییەکاندا بۆسەر ناوەندە پەیوەندیدارەکانی دەزگای هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا (CIA)  لەکەنداو، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا جەختیانکردوەتەوە، تائێستا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە لەسەر ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ڕوسیا بەدەستنەهاتوە.


به‌گوێره‌ى ئەو سەرچاوانە، وردیی‌و ئاڵۆزیی ئەو هێرشانە، هەروەها پێشینەی هاوکارییە سەربازیی‌و تەکنیکییەکان نێوان تاران‌و مۆسکۆ، لەو هۆکارانەن کە ئەگەری بەشداریی ڕوسیایان لەپڕۆسەکە زیادکردوە.

ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردوە، پێشتر ڕاپۆرت لەسەر پشتگیریی ڕوسیا بۆ ئێران لەبوارەکانی زانیاریی نیشانەگرتن‌و تەکنەلۆژیای سەربازیی بڵاوکرابوەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەسەر ئەگەری دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی مۆسکۆ لەهێرشەکان بۆسەر ناوەندەکانی CIA تائێستا بەفەرمی ئاشکرانەکراوە.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، لەمانگی ئاداردا لانیکەم دوو ناوەندی پەیوەندیدار بە CIA بونەتە ئامانجی هێرشی درۆنیی؛ یەکێکیان بنکەی CIA لەباڵیۆزخانەی ئەمریکا لەڕیاز، ئەوی دیكه‌شیان ناوەندێک لەڕۆژهەڵاتی عێراق، هەندێک سەرچاوە هەروەها باس لەهێرش بۆسەر ناوەندەکانی دیكه‌ش دەکەن، بەڵام وردەکاریی زیاتر بڵاونەکراوەتەوە.

بەرپرسێكى ناوچەکە کە دەستی بەڕاپۆرتێکی نهێنیی هەواڵگریی ڕۆژئاوا گەیشتوە دەڵێت، ڕوسیا بەئەگەرى زۆر لەهەڵبژاردنی ئامانجەکاندا ڕۆڵی هەبوە.

هەروەها دوو بەرپرسی ڕۆژئاوایی لەکەنداو ڕایانگەیاندوە، شرۆڤەکارانى هەواڵگریی باوەڕیان وایە لەهێرشەکە بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەڕیاز، وەشانێکى پەرەپێدراوی درۆنەکانی شاهدی ئێران بەکارهاتوە کە بەتەکنەلۆژیای ڕوسی باشترکراون.

به‌گوێره‌ى وتەی ئەوان، یەکێک لەدرۆنەکان سەرەتا دیواری دەرەوەی باڵیۆزخانەکەی کردوەتە ئامانج، پاشان درۆنی دوەم لەو کونەی کە بەهۆى بەرکەوتنى درۆنى یەکەمەوە دروستبوە، چووەتە ناو بیناکەو تەقیوەتەوە، ئەو هێرشە هیچ قوربانییەکی مرۆیی لێنەکەوتوەته‌وه‌.

سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان ئاگادارییانداوە کە ئەگەر بسەلمێندرێت ڕوسیا لەناساندنی ئامانجە هەستیارەکانی CIA یارمەتی ئێرانیداوە، ئەوا ئەمە نیشانەیەک دەبێت لەتوندبونەوەی ڕوبەڕوبونەوەی ناڕاستەوخۆی مۆسکۆ لەگەڵ واشنتۆن.

شرۆڤەکاران پێیانوایە، ڕوسیا لەچەند ساڵی ڕابردودا یارمەتی پەرەپێدانی توانای درۆنەکانی شاهدی ئێرانیداوە، هەروەها یەکێک لەسەرچاوەکانیش وتویه‌تى، "مۆسکۆ سیستمی ڕێنمایی مانگی Kometa-Mی داوەتە ئێران؛ سیستمێک کە وردیی بەرزتر هەیەو بەرامبەر هەوڵەکانی تێکدان (Jamming)  بەهێزترە، کرێملین پێشتر ئەم ڕاپۆرتانەی ڕەتکردوەتەوە".

لەگەڵ ئەوەشدا، تائێستا ڕون نییە ئایا ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە بنکەی CIA بوە یان بینای باڵیۆزخانەی ئەمریکاو ئایا گەیشتنی هێرشەکە بەناوەندی CIA بەڕێکەوت بوە یان نا.

بەپەلە