گرنگیدان بەم خۆراکانە مرۆڤ لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دەپارێزێت

تەندروستی

21/03/2024‌ 759 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی News102.ru، دوکتۆرە ئیکاتێرینا سۆلۆڤیۆڤا خانمە پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە رووسیا جەخت لەسەر گرنگی پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی دەکاتەوە کە دەوڵەمەندە بەو خۆراکانەی کە تایبەتمەندی دژە ڕەقبوونی خوێنبەرەکانیان هەیە.

پزیشکەکە هەندێک خۆراکی خستۆتە ڕوو کە تایبەتمەندیی دژە رەقبوونی خوێنبەرەکانیان هەیە لەوانە سیر، میوەی لیمۆ، زەیتی زەیتون، هەنگوین، چای سەوز، گوڵەبەڕۆژە، زەنجەفیل، گوێزی هیندی، هێلکە، مێخەک و سەوزە، کە ڕیشاڵی تێدایە و دەوڵەمەندە بە ڤیتامین. ئەو پزیشکە دووپاتی کردۆتەوە کە هەموو ئەم بەرهەمە خۆراکیانە یارمەتیدەرن بۆ پاککردنەوەی خوێنبەرەکان و پاراستنیان لە نەخۆشیی، بەو پێیەی یارمەتیدەرن بۆ پاراستنی گەنجیی خوێنبەرەکان و تەندرووستیی گشتیی جەستە.

هەروەک، ئیگۆر سترکۆڤ پسپۆڕی بواری خۆراک ڕوونی کردۆتەوە کە بۆچی سیر و زەیتی زەیتون بە سوودبەخشترین خۆراک دادەنرێت بۆ خوێنبەرەکان.

بە وتەی ئەو، سیر بە تایبەتمەندییە سودبەخشەکانی بۆ خوێنبەرەکان و تەندرووستیی دڵ ناسراوە. سیر ئەلیسین لەخۆدەگرێت کە پێکهاتەیەکی چالاکە زیندووەکانە و دەتوانێت یارمەتیی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی کۆی گشتیی و کۆلیسترۆڵی "خراپ" بدات، بەوهۆیەشەوە ڕەنگە مەترسیی دروستبوونی پلاکی خوێنبەرەکان و گەشەکردنی ڕەقبوونی خوێنبەرەکان کەم بکاتەوە.

هەندێک لە توێژینەوەکان دەریدەخەن کە خواردنی سیر ڕەنگە پەستانی خوێن دابەزێنێت، سوودی
هەیە بۆ پاراستنی تەندروستیی خوێنبەرەکان و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
سترکۆڤ بە مێدیک فۆڕمی وتووە "سیر یارمەتیی فراوانکردنی خوێنبەرەکان دەدات و لاستیکییان باشتر دەکات، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی سوڕی خوێن و کەمکردنەوەی بەرگریی بەرانبەر بە رۆیشتنی خوێن، ئەمەش گرنگە بۆ تەندرووستیی خوێنبەرەکان.

ئەوەش هاتووە: ڕەنگە سیر کاریگەریی دژە مەیینی هەبێت، کە مەیلی دروستبوونی خوێن مەین کەمدەکاتەوە و ڕۆیشتنی خوێن باشتر دەکات. ئەمەش ڕەنگە مەترسییەکانی خوێن مەین و جەڵتەی مێشک کەم بکاتەوە. هەروەک دژە ئۆکسانی تێدایە وەکو سیلینیۆم و کۆڤەرسیتین کە لەوانەیە بۆریەکانی خوێن لە تێکچوونی رەگە ئازادەکان و هەوکردن بپارێزێت.

سەبارەت بە زەیتی زەیتونیش سوودی هەیە بۆ تەندرووستیی خوێنبەرەکان و دڵ بەهۆی پێکهاتە دەوڵەمەندەکەی و تایبەتمەندی دژە ئۆکسانی.

زەیتی زەیتون دەوڵەمەندە بە چەوری تاک ناتێر بەتایبەت ترشی ئۆلیک. ئەم چەوریانە بە چەوریی "باش" دادەنرێت، کە دەتوانێت یارمەتیی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی LDL (کۆلیسترۆڵی خراپ) و کۆی ئاستی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا بدات.

زەیتی زەیتون دژە ئۆکسانی تێدایە وەکو پۆلیفینۆل و ڤیتامین E کە یارمەتیی بەرەنگاربوونەوەی رەگە ئازادەکان دەدات، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی دیواری خوێنبەرەکان و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە ڕەقبوونی خوێنبەرەکان.

هەروەک ئەو پۆلیفینۆلانەی لە زەیتی زەیتوندا هەن تایبەتمەندیی دژە هەوکردنیان هەیە کە دەتوانێت هەوکردن لە جەستەدا کەم بکاتەوە، لەوانە هەوکردنی دیواری خوێنبەرەکان، ئەمەش گرنگە بۆ پاراستنی تەندرووستیی خوێنبەرەکان.

هەندێک لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن، کە خواردنی بەردەوامی زەیتی زەیتون ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ پاراستنی پەستانی خوێنی ئاسایی.