ئەردۆغان لە سەردانیدا بۆ ئەمەریکا باس لە پەیوەندییەکانی واشنتن و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

کوردستان

09/04/2024‌ 765 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە مانگی پێنجدا سەردانی ئەمەریکا دەکات و لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە.

دوایین جار ئەردۆغان لە سالی 2019 لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئەو کاتە دانۆڵد ترامپدا کۆبووەوە. بەڵام لەوەتای  بایدن دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست ئەمە یەکەم جاردەبێت لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ئەردۆغان بکات.

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە پێنجی مانگی چوار لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە.

بەگوێرەی راپۆرتی دەنگی ئەمەریکا، فیدان لەگەڵ بلینکن دوایین دۆخی فڕۆکەی جەنگی ئێف16 و کێشەی غەززە و هەندێک بابەتی دیکەیان تاوتوێ کردووە.

فیدان وتی "لەگەڵ بلینکن زۆر بابەتمان تاوتوێ کرد. لەوانەشدا سەردانەکەی سەرۆکەکەمان بۆ ئەمەریکا."

بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە 9 ی پێنجدا ئەردۆغان سەردانی واشنتن بکات. لە میانەی ئەو سەردانەشدا بڕیارە ئەردۆغان و بایدن بۆ یەکەمجار لە کۆشکی سپی کۆببنەوە.

شارەزایانی دیپلۆماسی دەڵێن ئەردۆغان لەگەڵ بایدن سەبارەت بە کێشەکانی ڕووسیا-ئۆکرانیا، ئیسرائیل-فەلەستین، سوریا و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدوێت.

بەرپرسی پەیمانگای سیاسەتی دەرەوە دکتۆر حوسێن باغچی ڕایگەیاند، پاش ئەندامێتی سوید لە ناتۆ ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ هەردوو وڵات گرنگە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دواییانەدا پێشهاتی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکادا ڕوویداوە. دوای ئەوەی تورکیا ڕەزامەندی لەسەر ئەندامێتی سوید دەربڕی، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بایدن باشتر بوو. لەم سەردانەدا باوەڕم وایە کە ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕۆڵێکی گرنگ لە غەززە دەگێڕن.

ئابوری تورکیا بە قەیرانێکی گەورەدا تێدەپەڕێت. بە گوێرەی بەشێک لە شارەزایانی سیاسی، هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی تورکیادا بۆ خراپی ئابووری دەگەڕێتەوە.

باغچی باس لەوەش دەکات لەم سەردانەی ئەردۆغاندا بۆ واشنتن، کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزیری خەزێنەدا زۆر گرنگ دەبێت. هەروەها باس لە گرنگییەکی تری سەردانەکە دەکات و دەڵێت، تورکیا دژی پەیوەندییەکانی ئەمەریکایە لەگەڵ یەپەگەدا

بەپەلە