ترسی پارتی لە هەڵبژاردن، فەشەلى هەڵبژاردن بەبێ پارتی؛ هۆکار دەرەنجام؟

مەلەفی تایبەت

10/04/2024‌ 1915 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دكتۆر محەمەد كیانی

بێگومان، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو كاتەی بۆی دیاریكراوە لە ١٠/٦/٢٠٢٤، بەبێ بەشداریکردنی پارتی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە ئەستەمە. هەتا ئەگەر هەڵبژاردنەکە ئەنجامیش بدرێت بایەخی نابێت بەبێ بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ سەپاندنی ئەنجامەکەی بەسەر پاریتدا کە ئەمەش کارەساتێکی ماڵوێرانباری بەدواوە دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق وە بەتایبەت بۆ گەلی کورد. بارزانی كە دەڵێ بەگوێرەی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕالی بەشداری لەو هەڵبژاردنە ناكات، چاك دەزانێت مەرامی چییە و ئەنجامی بڕیارەكەشی چی لێدەکەوێتەوە.

ئەگەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمان بە ڕێوشوێنەكانی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕالی بكردرێت بارزانی باش دەزانی ئەوئەنجامەی ئەو لە هەڵبژاردنی دەوێت ئەم جارە بەدەستی ناهێنن و حیزبەکەی زۆرینەی ڕەها لەدەست دەدات. میکانیزم و یاسا و ڕێساکانی هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی مانگی شەشی ئەم ساڵی پێ رێکدەخرێت وەك جارەكانی پێشوتر حیزبەكەی بارزانی ناکاتە براوەی یەکەم و زۆرینەی ڕەهای بۆ مسۆگر ناکات. ئەم جارە ئەنجامی باڵادەستی بۆ یەکەم جار و بەیەکجارەکی  سەپاندنی فەرمانڕەوایی فیودالی میرنشینی بنەماڵەی بارزان لەدەست دەدرێت بۆ هەتایە.

بارزانی ئەو ڕاستیە دەزانێ، هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان بێ بەشداریكردنی پارتی، وەك حیزبی دەسەڵاتداری زۆنی زەرد و خاوەن هێزێكی ئەمنی و سەربازی زۆر، ئیمكانە بكردرێت، وە هەتا ئەگەر ئەنجامیش بدرێت دەسەڵاتداری زۆنەكەی خۆی ڕادەستی براوەی بەشدارانی هەڵبژاردنەكەی مانگی شەشی داهاتوو ناكات. پارتی کە لە ئێستاوە ئیعتراف بە شەرعیەتی هەڵبژاردنەکە ناکات، لە دوای ئەنجامدانیشی ئیعتراف بە شەرعیەتی ئەنجامەکەی ناکات. بەم لۆجیکەیان، بێ بەشداری پارتی کردن و نەکردنی هەڵبژاردن وەک یەک وایە. بەم لۆجیکەش پارتی مولزەم نابێت بە ئەنجام و دەرهاوێشتەی پڕۆسەی هەڵبژاردنێك کە پێشوەختە ئیعترافی پێنەکردووە و بەشێك نابێت لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو. کەواتە بەلایەنی پارتیەوە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان هیج ناگۆڕێت لە شەرعیەتی دەسەڵاتداریەکەی ئێستا لە زۆنەکەی خۆی هەیەتی. كاڵفامیە چاوەڕوانی ئەوە بكرێت پارتی بە پاسیڤی دەسەڵاتداریەکەی ڕادەستی بەشدارانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو بکات کە خۆی تێیدا بەشدار نەبووە، بەم پێیە نەك باڵادەستی لە دەسەڵاتداری هەرێم بەڵکو سەرجەمی دەسەڵاتداری لە هەرێم لەدەستبدات.

ساڵەهای ساڵە پارتی و یەكێتی ناچنە بنباری ئەوەی هێزی چەكداری هەرێم یەكبخەن تا ببێتە هێزێکی رێکخراوی یەکگرتووی نیشتمانی فەڕمی سەر بە حکومەتی هەرێم. ئەو بەرهەڵستیکردنەی یەکخستنی هێزی چەکدار لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە و هێشتنەوەی چەکدارەکانیان وەک میلیشیای حیزبی بۆ ڕۆژێكی وەكو ئێستایانە. هێشتنەوەی چەكدار و ئاسایش و هەواڵگریەکانیان بە شێوازی میلیشیایی حێزبی بۆ پاراستنی دەسەڵاتداری بنەماڵەیی و حیزبی و باڵا دەستییانە هەریەكەو لە زۆنی فەرمانڕەوایی خۆی. دەستەواژەی وەك ئەزموونی حوكمڕانی هەرێم لەكەدار دەبێت، پێگەی هەرێم لاواز دەبێت یان هەرێم لە مەترسی لەنارچووندایە، ئەمانە قسەی بێمانان لە بەرامبەر مەترسی لەدەستدانی دەسەڵاتداری هەریەكەیان لە میرنشینەکەی خۆی.

بارزانی ئەوەشی بینی گۆڕان وەك هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنی خاوەن سەركردایەتیەكی بە ئەزموون و هێزێکی جەماوەریی فروان چۆن  تووشی لەبارچوون بوو لە ئەنجامی پەڕواێزخستنی سەركردە و کادیرە دڵسۆز و خاوەن بیروڕاو وپرنسیپی خۆیان وهێنانە پێشێی چەندین هەڵپەرستی بێئەزمون و بەرژەوەندخواری بێ پرنسیپ بەناوی گەنجەوە، تا ڕادەی گۆڕانی بە لایەنێکی سسازشکار بە بەشداربوونی لە دەسەڵاتداری هەرێم لەژێر چەتری پارتی لە ساڵی ٢٠١٣. لە دوای پاسیجکردنی کۆڕان، هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنی بەدیلی دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێم بوونی نییە. ئەو لایەنە پۆپیولیستانەی ئێستا هەن هیچیان خاوەنی بیروباوەری سیاسی دیاریکراو و ڕێکخستنی تۆکمە و پڕۆگرام و بەڕنامەی گۆڕانکاری نین، وە مەترسی ئەوەیان لێناکرێت ببنە جێگرەوەی دەسەڵاتداری ئێستای بەرکار لە هەرێم، بێجگە لەوەی توانای بەڕێوەبردنی هەریم و ململانێ ستراتیجیەكانی ناوچەكەیان نییە لەم دۆخەی پاشەكشەی دەسەڵاتداری ئێستای هەرێم. هەرچەند مەترسییان لەم جۆرە ئۆپۆزیسیۆنە چەواشیە نییە، هێشتاش پارتی نایەوێ وەک هێزێکی دۆڕاوی لە زۆرینەی ڕەهاکەوتوو ببیندرێت.

پرسێكی گرنگتر بۆ بارزانی، درك كردنیەتی بە هەبوونی گرنگیەکی ستراتیجی تایبەتی ناوچەی دەسەڵاتداریەكەی لە هاوكێشەی ئێستای ململانێی ئیران و ئەمریكا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم فاکتەرانی سەرەوە هەڵومەرجی فراوانتری مانوەرکردنی بۆ پارتی ڕەخساندوە و هانی داوە بکەوێتە هەوڵی شەڕی فەڕزكردنی ئیرادەی خۆی و هەوڵدان بۆ پووچكردنی دەستگای دادگای باڵای فیدڕالی عێراق لەلایەک و هەوڵی پاراستنی شكۆی ئەم دەسەڵاتە دادوەریەی پارێزەر و گەرەنتی شكوی دەوڵەتی عێراق و ئەو ڕژێمە "دیموكڕاسی" و فیدرالیەی هەیە لەلایەن حکومەتی مەرکەزی و پێكهاتەكانی تری بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی و حوكمداری عێراق لەلایەکەی تریەوە. بەگوێرەی دەستووری عێراق دادگای باڵای فێدڕالی سەروەری هەیە و ئامرازی یەكاڵاكەرەوەی پرسە جێ ناكۆكەكانی دسەڵاتداری و یاساییە و بەڕێوەبردنە لە نێوان حکومەتی مەرکەزی و حکومەتی هەرێمی فیدڕالی و پارێزگان و بڕیارەکانی بنبڕن و جێگەی پەیوەستبوونی هەموو لایەنەکانە. ئایا حکومەتی مەرکەزی و لایەنەکانی تر بە حکومەتی هەرێمەوە چەند دیموكراسی و یاسایین ئەمە پرسێكی ترە. گرنگترین پرسیار ئەمەیە، ئایا ئەم پووچكردنی دادگای باڵای فیدڕالیە بۆ بارزانی دەچێتەسەر و لەم بەگژداچوونەوە سەردەكەوێت، وەك چۆن پەڕلەمانی کوردستانی بێبەهاكرد و داخست؟  

لایەنە كوردیەكانی بەشدار لە پەڕلەمان و حکومەت هەرێم لە کاتی داخستنی پەڕلەمانی کوردستان بێدەنگیان هەڵبژاد بەرامبەر پەکخستنی دەستگای دەسەڵاتداری تەشریعی بە شێوەیەکی تاکلایەنەی دکتاتۆریانە لەلایەن پارتیەوە بێ گوێدان بەوەی پەڕلەمان تاکە دەسەڵاتی هەڵبژێردراوە بە دەنگی جەماوەر و سەرچاوەی دەسەڵاتەکانی ترە، تەنفیزی و دادوەری.  بە پێچەوانەی پرنسیپ و بنەما و ڕێکارەکانی دیموکڕاسیەت پارتی بەگوێرەی عەقلیەتی فیودالی بۆ پاراستنی دەسەڵاتداری و بەرژەوەندی بنەماڵەی دەسەڵاتدار دیموکڕاسیەتی بیبەهاکرد و هەڵبژاردن و پەڕلەمانی سووک و بێ کاریگەری کرد. سەرۆكی پەڕلەمانەكەش وەك کۆیلەیەکی ئەمرپێکراو بێدەنگی لێکرد بێ ئەوەی هیچ بوێریەک بنوێنێ، بەلایەنی کەمەوە هانای بۆ دادگای باڵای فیدڕالی ببردبا و داوا لەم دەسەڵاتە دادوەریە بەهێزە بکردبا بۆ دانانی سنوورێک لە پێش زیادەرۆییەکانی دەسەڵاتداری پارتی و وەستاندنی هەنگاوە مەترسیدارە دکتاتۆریەکانی سەرۆکی هەرێم  و گێڕانەوەی ئیعتیبار بۆ پەڕلەمان.

پرسی بێ بێبایەخكردنی دادگای باڵای فیدڕالی پرسێكی گەورە و ترسناكە. وەك پرسی بێبەهاكردنی پەڕلەمانی کوردستان ئاسان و بێ خاوەن نییە بە بێدەنگی و بێ تەقەوڕەقە بۆ پارتی بچێتەسەر. ڕەتکردنەوە و پەیوەستنەبوون بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕالی عێراق سەبارەت بە ‌پرسی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کوردستان واتا پووچکردنی ئەم دامەزراوە فیدڕالییە دادوەریە یەکاڵاکەرەوەی پڕسە جێ ناکۆکەکان لە نێوان لایەنە ڕکابەرەکان لەسەر ئەو پرسانەی دەبرێنە بەردەم ئەم داگایە و ڕێکخستنی پەیوەندیەکانی نێوانیان بەگوێرەی مادە و بڕگە دەستوریەکان. ئەم پووچکردنەی دادگای باڵای فیدڕالی واتا شكاندنی شكۆی دەوڵەتی عێراق و دەستگا دادوەریەکانی کە ئامرازی چەسپاندنی سەقامگیری و ڕژێمی پەیڕەوکراوی عێراقە. ئایا بارزانی لەم شەڕەی فەڕزکردنی ئیرادە بەرامبەر دەوڵەتی عێراق سەردەكەوێت یان وەك ڕیفەڕاندۆمەكەی شكست دێنێت؟ بێگومان، وەڵامی ئەم پرسیارە  ئاسان نییە بە بەراورد بە ڕووبەڕووبوونەوەكەی ڕیفەڕاندۆم. ئەم پرسە كونوكەلەبەری زۆرتری هەیە لە کاتی گەڕان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ کێشەی تێڕوانینی جیاوازی ڕکابەرەکانی هەڵبژارد و هەڵوێستی دەوڵەتانی گرنگیدەر بە عێراق و هەرێمی کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان. ئەمەش بە هۆی ئەوەیە دۆخی ئێستای عێراق زۆر جیاوازترە لەوەی لە کاتی رێفەڕاندۆمدا هەبوو.

روودانی جێگۆڕکێ لە گوێڕایەڵی زۆربەی هێزە شیعەکان بۆ ئێران باڵادەستی ئێران لە ئێراق، زیاتر یەكاڵابوونەوەی ترەفداری حكومەتی ئعێراقیش بەلای ئێراندا، هەروها چڕبوونەوەی هەوڵەکانیان بۆ دەرپەڕاندنی هێزەکانی ئەمریكا لە عێراق، سنووردارکردنی کاریگەری ئەمریکا و رۆژئاوا لەسەر عێراق، زیاتر بەستنەوەی ئێراق و سوریا و لوبنان بەیەکەوە و تۆکمەترکردنی هیلالی شیعی و زیاتربووبی کاریگەری ستراتیجی و سەربازی و فراوانبوونی بازنەی قەڵەمڕەوی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دورستکردنی مەترسی جددی لەسەر دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی و سعوددیە و ئیسڕائیل و سەرجەم بەرژەوەندییە ستراتیجی و سەربازی و تەناهی و ئابووریەکانی ئەمەریکا و ڕۆژاوا لەم ناوچەیە. ئەم پرسانە دەرفەتی مانوەری بۆ پارتی ڕەخساندووە. پێدەچێ ئەمریكا پارتی نەخاتە ژێر فشار، وە ئەگەری زۆرە بە هەوڵدان بۆ ڕێكخستنی هەندێ سازش بەهانایەوە بێت، بەتایبەت كە هەولێر تاكە پێكەی ئارامی هێزەكانی ئەمریكایە لە عێراق.
وەك دەبینین گۆڕانکاری لە هەڵومەرجەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتربوونی دژایەتی ئەمریکا، توندبوونی شەڕی غەززە و زۆربوونی مەترسی لەسەر ئیسڕائیل و دەوڵەتانی کەنداو، وای کردووە پرسی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریكا وەك پرسی ڕیفەڕاندۆم ڕەش و سپی نەبێت، بەڵکو ڕووبەرێكی خۆڵەمێشی زۆری رەخساندووە بۆ پارتی  بە هەستیاریەوە مامەلە لەگەڵ کارەکتەرە پەیوەنددارەکانی بەو پرسە گرنانەوە بکات. جگە لەوانەش، زۆنی سەوزی یەکێتیش وەك ناوچەی نفوزی ئێرانی ساخبوەتەوە.  بارزانی وا دەزانێ لەو دۆخە ئاڵۆزە دەرفەتێکی باشی هەیە بۆ بەرەنگاربووەیەکی چڕ لە پێناو سەپاندنی پێگەی بنەمالەكەی وەك میرایەتیەکی ڕەهای هەرێمی كوردستان و مانەوەی لە دەرەوەی پابەندبوون بە دەستوور و یاساکانی ئێراق و هەرێمی کوردستان، دەستواڵابن لە یاریکردن بە سەرجەم کایەکانی سیاسی، دیبلۆماسی، ئاساییش و سەربازی و لە هەمووشیان گرنگتر بۆیان دەستواڵابن لە قۆرخکردن و دەستوەشاندن لە ئابووری و سامان و خۆشگوزەرانی و بژێوی ژیان و موچەی هاوڵاتیان خەڵکی کوردستان، لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدڕالی بە ڕواڵەت دیموكڕاسی و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتداری بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنێك کە خۆیان کاریگەرییان لەسەر بەشێکی زۆر پرۆسەکە و ئەنجامەکانی هەبێت بە بەرژەوەندی خۆیان.

دستاودەستكردنی دەسەڵاتداری بە بارزانی هەزم ناكرێت و بە خەونیش نایەوێ ئەم متۆكە ببینێت. بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕالی بێ سێ و دوو ئەم مۆتەكەیەی نیشان دەدات كە زۆرینەی ڕەهای دەسەڵاتداری لەدەست دەدات. بە دەرچوونی دەسەڵاتداری ڕەهای هەرێم لەدەست بنەماڵەكەیان خەونی سەد ساڵەیان دەسەڵاتداری و شەست ساڵەی فەرمانڕەواییان لەسەر گەلی کورد لەباردەچوێنێت. بۆیە بارزانی مجازەفە بە هەموو شتێك دەكات بۆ پاراستنی ئەو دەسەڵاتدارییە رەهایە بۆ بنەماڵەكەیان بەدەستیان هێناوە بە دژ خواست و بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان.

بارزانی وا نیشاندەدات کێشەی لەگەڵ نەبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و روون هەیە. بە پێچەوانەی ئەو ئیدیعایە، سەرچاوەی ترسەکەیان ئەنجامدانی ئەم جۆرە هەڵبژاردنەیە کە دەرفەتیان بۆ ناهێلێتەوە یاری بە پڕۆسە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکەن. کێشە پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دادپەروەرانی ڕوون کێشەیەکی بونیادی عەقلیەتێکی فیودالی بەسەرجووی بنەماڵەیی کە خۆیان بە خانەوادەی مالیکەی کورد وێنادەکەن. بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتدارییە ڕەهایەی هەیانبووە بە گوێرەی ئەو عەقلیەتەیان باکاریان هێناوە بە بەرژەوەندی ڕەهای بنەماڵەكەیان و نەپەنگاوەتەوە لە بەکارهێنانی هێزی دەسەڵاتداری و زێدەڕۆیی سەرپێجیکردنی یاسا و قۆرخكردنی مڵکی گشتی و سامانی نەتەوەیی هەرێم وەستاندنی خزمەتگوزاییە شارستانییە پێویستە هەرە گرنگەکان بۆ ژیانی رۆژانەی مرۆڤ وەک ئاو و کارەبا، پشتگوێخستنی پێویستیەکانی فیرکردن و زانست و تەندورستی و بەرژەوەندی گشتی، تا دەگاتە بڕینی مووچە فەرمانبەران دورستکردنی چەقبەستنی پیشەسازی و ئابووری بەگشتی لە پێناو بەرژەوەندی ئەندامانی بنەماڵە و دەستوپیوەدەکانیان. ئەمانەیە هۆکارەکانی فەشەلی پارتی لە حوکمڕانی و پووکانەوەی جوماوەرەکەی. بە کورتی و كوردی چی چاكیان نەكردووە تا بیدوورنەوە. ئەمەش وای لێكردووە هەڵبژاردنی گشتی پاك و ئازاد بە دوژمن و ئامرازی داماڵینی دەسەڵاتداری خۆیان دەزانن. ویستی ئەوان هەڵبژاردنێکە کە ئەنجامەکەی یاری پێبکەن بە بەرژەوەندی مانەوەیان بە دەسەڵاتی ڕەهاوە کە بە پێچەوانەی ویست و ئیرادەی جەماوەری گەلی كورد دەبێت، هەرچەند ئۆپۆزیسیۆنێكی خاوەن رەسید و باوەڕپێكراو و كارامە بوونی نییە لە ئێستادا.

پارتی لەم ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕی ئیرادەیە چەند پشتیوانێكی هەیە وەك توركیا و ئیسڕاێیل و سعودیە و دەوڵەتانی كەنداو و هەندێك لە سونەكانی عێراق.

 پارتی کە بەشداری هەڵبژاردن ناکات مانای ئەوەیە ئیعتراف بە پڕۆسەی هەلبژادنەکەی ١٠/٦/٢٠٢٤ ناکات، کەواتە ئیعتراف بە ئەنجامی هەڵبرادنەکەش ناکات کە بەناشرعێ دەزانێت. بۆیە رەنگە دەرفەت نەدات سندوقی هەڵبژاردن لە زۆنی دەسەڵاتداریەکەی دابندرێت، وە هەتا ئەگەر رێگەی دانانی سندوقی هەڵبژاردنیش بدات، بێگومان هەڵبژادنەکە هیچ بایەخێکی نابێت لەلایەن خۆیە چونکە بە شەرعی نازانێت. لەم حالەتە ملکەچی ئەنجامی هەڵبژاردن نابێت و دەسەڵاتداری زۆنەکەی خۆی ڕادەستی لایەنە براوەکان ناکات. کەواتە هەڵبژاردنەکەی مانگی شەش لە ئێستاوە فاشیلە بەبێ بەشداری پارتی.

 ئەم پانوڕامایەی ئێستا لە ئارادایە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دواكەوتنی هەڵبژاردن گومانی تێدا نییە. وای دەبینم ئەم داواکاریەی پارتی دەچێتەسەر. ئەوەی بۆ پارتی ناچێتەسەر پرسی بێبەهاكردنی دادگای باڵای فیدڕالی عێراق و شكاندنی شكۆی ئەم دەستگا دادوەریە بڕیاردەر و یەكلاكرەوەی كێشەكانی دەسەڵاتداری لە نێوان یەکەکانی دەسەڵاتداری لە عێراق بە گوێرەی بەرپرسیارەتی هەڕەمی دەسەڵاتداری وەک لە دەستووری عێراق دەستنیشان کراوە. تا ئێستا هەموو لایەنە عێراقیەكان ملكەچی بڕیارەكانی دادگای ناوبراو بوونە كە بڕیارەكانی بنبڕن و پەوەستبوون پێیانەوە پێویستە لەسەر هەموو لایەنەكان. پووچکردنی دادگای باڵای فیدڕالی نەک کارێکی ئێجگار قورسە.بەڵکو ئەستەمە. لەوەپێش مالیکی و عەلاوی و سەدر و حەلبوسی ملكەچی بڕیارەكانی ئەم دادگایە بوونە وە و تا ئێستا بە شكۆوە ماوەتەوە. ئایا لێدان و پوچووكردنی ئەم دەستگا باڵایە بۆ بارزانی دەچێتە سەر وەك ئەو سازشانەی هەندێك جار بە دەسەڵاتی تەنفیزی و تەشرعی عێراقی كردووە؟ لەو باوەڕەم لەم تەحەدای پووچکردنی دادگای باڵای فیدڕالی پارتی فەشەل دەهێنێ بۆیە بڕیارەکانی وەک خۆیان جێبەجێ دەکرێ. رەنگە هەندێ پینەوپەڕۆی تەکنیکی و بەڕێوەبەری بۆ ڕازیکردنی پارتی بکردرێت بۆ ئەو هەڵبژاردنەی دواکەوێ و لە کاتێکی ترهەر ئەم ساڵ ئەنجام دەدرێت.
 گرنگترین پرسە ئەوەیە چاوەڕوان بین بزانین گرێگوێرەكانی ڕووداوەكان چۆن دەكرێنەوە. لە ئێستایا شەڕێكی ئیرادەی گران دەگوزەرێ کە لە داهاتوودا چارەنووس و شکۆی دەوڵەتی عێراق و چارەنووسی دەسەڵاتداری هەڕێمی بنەماڵەیی دەرەوی یاسای پێوە بەندە.