سودانى لەبارەى سەربازگەى تۆپزاواوە بڕیاریدا

کوردستان

13/04/2024‌ 942 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

سەرۆک وەزیرانى عێراق نوسراوى ئاراستەى وەزارەتى شەهیدانى عێراقکردووە و داوایان لێدەکات بۆچوونى خۆیان بخەنەڕوو لەسەر ئەوەى لە شوێنى سەربازگەى تۆپزاواى سنورى کەرکوک مۆنۆمێنتى ئەنفال دروستبکرێت.

هێمن حەسیب، چالاکوانى کەرکوک لە فەیسبوکى خۆى نوسیویەتى: دوایی چەندین هەوڵ و گەیاندنی داواکاری نوسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید، دواجار چەند هەنگاوێك نراوە بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شوێنی سەربازگەی تۆپزاوە لە کەرکوك.

ئاماژەى بەوەکردووە، مانگى شوبات ٤٤ نوسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید و ٢٢رێکخراوی بواری جینۆساید، داواکارییەکیان ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ کرد، تا سەربازگەی تۆپزاوە شوێنی زیندانیکردنی ئەنفالکراوان بکرێتە مۆنۆمێنتێکی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال.

دەشڵێت: کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق، بە نوسراوی ژمارە ٧٠ لە ڕۆژی ١٤ى ئازار، داواکارییەکەی ئاڕاستەی نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، دوای وەرگرتنی دید وبۆچوونی دەستەی ڕاوێژکاران ئەنجومەنی وەزیران، کە پاڵپشتی داواکارییەکەیان کردووە بۆ ئەوەی سەربازگەکە بکرێتە مۆنۆمێنت.

هەروەها، ڕۆژى ٢٧ى ئازار نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیران بە نوسراوێک داواکارییەکەی ئاڕاستەی دەزگای شەهیدانی عێراق کردووە تا وەك لایەنێکی پەیوەندیدار دید و بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو.

ئەو چالاکوانە نوسیویشیەتى ئەمەی کراوە چەند هەنگاوێکی سەرەتاییە و پشتیوان بەخودا هەموو هەوڵێك دەدەین، تا سەربازگەی تۆپزاوە بکرێتە مۆنۆمێنتێکی شایستە بە قوربانیانی جینۆساید، وابڕیارە لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەغدا بکەین، بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق تایبەت بەم پرسە.

بەپەلە