لێکۆڵینەوەیەکی ئەمریکی هۆکاری زۆربونی شێرپەنجە لەناو گەنجاندا ئاشکرادەکات

تەندروستی

06/06/2024‌ 716 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توێژەران هەنگاوێک لەئاشکراکردنی هۆکاری بەرزبونەوەی حاڵەتەکانی توشبون بەشێرپەنجەی قۆڵۆن لەنێو گەنجان نزیکبونەتەوە، ئەوەش بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەمدواییەدا لەئەمریکادا کراون‌و ئەنجامە سەرەتاییەکانی لەگەورەترین کۆنفرانسی شێرپەنجە لەجیهاندا لەم هەفتەیەدا ئاشکرابوە.


لەتوێژینەوەکەدا کە هێشتا کاری لەسەردەکرێت‌و لەپاییزی ئەمساڵدا تەواو دەبێت، توێژەرانی زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ بۆیان دەرکەوتوە کە خواردنی بڕێکی زۆر شەکرو نەخواردنی بڕێکی زۆر خۆراکی دەوڵەمەند بەڕیشاڵ دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی بەکتریایەک لەریخۆڵەدا کە پیربونی خانەکان خێراتر دەکات، ئەمەش ڕەنگە گۆڕانکارییەک دروستبکات کە ببێتە هۆی ئەوەی توانای بەرگریکردن لەگەشەی خانە شێرپەنجەییەکان کەمبکاتەوە.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا ژمارەی ئەو گەنجە پێگەیشتوانەی توشی شێرپەنجەی قۆڵۆن بون بەرزبوەتەوە، شارەزایان هێشتا لەهۆکارەکەی دڵنیا نین، بەڵام لەپوختەی توێژینەوە نوێیەکەدا، کە تائێستا بڵاونەکراوەتەوە، تیمێکی زانکۆ سەیری نمونەی بۆماوەیی گەنجانیان کردوە ئەوکەسانەی کە تەمەنیان لەخوار 50 ساڵەوەیەو کەسانی بەتەمەن کە توشی شێرپەنجەی قۆڵۆن بون.

زاناکان دەڵێن بۆیان دەرکەوتوە ئەو نەخۆشە گەنجانەی کە سیستەمێکی خۆراکیی کەم ڕیشاڵ‌و شەکری زۆر پەیرەو دەکەن، جۆرێک لەبەکتریا بەرهەمدەهێنن کە پێیدەوترێت (فوسۆباکتیریۆم) کە هەوکردن لەتەواوی ڕیخۆڵەکاندا زیاد دەکات.

لەبەرامبەردا ڕیشاڵ دەردانی گلوکۆزی خوێن (شەکری خوێن) خاو دەکاتەوەو خۆراک دەدات بەبەکتریا تەندروستەکانی ڕیخۆڵە کە هەوکردن کەمدەکەنەوە.

توێژەران مەزەندەیان کردوە کە لەکاتێکدا نزیکەی 5%ی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بەهۆی بارودۆخی بۆماوەییەوەیە، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا لایان ڕون نییە.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە