عەلی حەمەساڵح لەنوسینێکدا هۆشداری دەدات و دەڵێت، تۆمەتی ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی، کەدەڵێ: بەکاردێت بۆ گواستنەوەی درۆن و ڕۆکێتی ئێرانی و ئەمەریکی بۆ پەکەکە و شەڕڤانان” تۆمەتێکی جدی و مەترسیدارە.
هەروەها دەڵێت، ئەمە ئاماژەیە! بەداخەوە دەبوو حکومەتی هەرێم هەم ئەم تۆمەتە ڕەتبکاتەوە، هەم کاری جدی لەسەر بکات و نوێنەرایەتی وڵاتان بانگهێشتی فڕۆکەخانەکە بکات بۆ چاودێری و ئەمریکاش بخاتە ژێر بەرپرسیاریەتی! بەداخەوە حکومەت بێدەنگ بوو، زۆر دەزگای میدیا هەمان بابەت بڵاودەکەنەوە!
دەقی نوسینەکە:
ئەم ئاگرەیان مەترسیدارە
٧٥٪ خاکی دهۆک، فڕۆکەخانەی سلێمانی،مەترسی هەولێر!
فڕۆکەخانەی سلێمانی
تۆمەتی ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی، کەدەڵێ: بەکاردێت بۆ گواستنەوەی درۆن و ڕۆکێتی ئێرانی و ئەمەریکی بۆ پەکەکە و شەڕڤانان” تۆمەتێکی جدی و مەترسیدارەو ئەمە ئاماژەیە! بەداخەوە دەبوو حکومەتی هەرێم هەم ئەم تۆمەتە ڕەتبکاتەوە، هەم کاری جدی لەسەر بکات و نوێنەرایەتی وڵاتان بانگهێشتی فڕۆکەخانەکە بکات بۆ چاودێری و ئەمریکاش بخاتە ژێر بەرپرسیاریەتی!
بەداخەوە حکومەت بێدەنگ بوو، زۆر دەزگای میدیا هەمان بابەت بڵاودەکەنەوە!
ئێستاش گرنگ و پێویستە، پێش ئەگەری بۆردومان(ئەگەر بەڕێژەیەکی کەمیش بێت) کاری جدی لەسەر بکرێت.
دهۆک، ئامانجە گەورەکەی تورکیا..
ماوەی (12رۆژە) تورکیا سەرقاڵی لەشکر کێشیە و هێزێکی زۆرە بۆ سنوری هەرێمی کوردستان..
٣٠٠ تانک و زریپۆشی سوپای تورکیا داخڵی گوندەکانی، ئورە، سەرەڕۆ، ئەرادنا، کێستە، چەلکێ و بابیرێ بوون. لەماوەی ٥ ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠٠٠ سەربازی تورک لە نێوان بارەگای سەربازی گرێ باروخ (کە گەورەترین بارەگای سەربازی تورکیایە و لە ساڵی ١٩٩٧ەوە لەناو خاکی هەرێمدا دروستکراوە) و چیای مەتینا لە پشتی ناحیەی بامەرنێ هاتوچۆ دەکەن.
سوپای تورکیا لە بەرەبەیانی ٢٥ی حوزەیرانەوە خاڵێکی پشکنینی لەنێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بەلاڤێ جێگیرکردووە و هەر هاووڵاتییەکی مەدەنی لەو ناوچەیادا هاتووچۆ بکات، ناسنامەی عێراقی لێوەردەگیرێت و دوای پشکنینی ناسنامەکەی ڕێگەی پێدەدرێت کە بڕوات
.
لە ئێستادا تورکیا دەیەوێت، لە ناحیەی شیلادزێوە بۆ قەزای باتیفا هێڵێکی ئەمنی بکێشێت. هێڵەکە بە ناحیەی دێرەلووک و بامەڕنێ و بێگۆڤادا تێپەڕدەبێت و بەمەش هەموو گوند و شارەدێ و زنار و زەوی و دۆڵ و خاک و ئاوی پشتی ئەم هێڵە لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازی تورکیادا بێت و ئەگەر هەر پێکدادانێکیش لەم ناوچەیەدا ڕووبدات، ئەو ناوچەیە دەبنە گۆڕاپانی شەڕ.
ئامانجێکی تری تورکیا لەم مانۆڕە سەربازییە، گەیشتنە بە چیای حەوت تەبەق لە ناحیەی شیڵادزێ و دواتریش داگیرکردنی زنجیرە چیای گارایە کە بەمە حکومەتی هەرێم، ٧٠-٧٥٪ سنوری دەسەڵاتی خۆی لە پارێزگای دهۆک لەدەستدەدات. لەهەمان کاتیشدا، ئەم جموجۆڵانە، وەڵامێکن بۆ هێزەکانی پاراستنی سنوری عێراقی کە لەم ساڵدا دەستیان کردووە بە دروستکردنی بارەگای سەربازی بۆ ڕێگرتن لە پێشڕەوییەکانی تورکیا.
هەولێر… قوڵای ستراتیژی
ئەگەر ئەو دوو هەنگاوەی تورکیا، سەربگرێت، تورکیا پلانی بۆ هەولێر دەبێت، جوڵەی سەربازی لە قەزاکانی چۆمان و ميرگەسور دەبێت، زۆرێک پێیانوایە چۆمان و مێرگەسور درێژکراوەی پلانەکەی دهۆکن، بەمەش گرفت و مەترسی گەورە بۆ سەر هەولێر دروستدەبێت!
هەموان بێدەنگن!
حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێم، هێزەکان بێدەنگن!! ئەم بێدەنگیە بە ئەندازەی لەشکر کێشیەکە مەترسیدارە.
تێبینی: سود لە زانیاری ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی وەرگیراوە.
عەلی حەمە ساڵح
