چه‌ند زانیاریه‌كى گرنگ له‌باره‌ى پڕچەککردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەڕۆژئاوای کوردستان ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

08/07/2024‌ 809 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا بەردەوامە لەبەهێزکردنی بنکە سەربازییەکانیان لەڕۆژئاوای کوردستان بەچەک‌و سەربازو کەرەستەی سەربازیی‌و لۆجستی، بەشێوەیەک ئەو پشتیوانییە سەربازییانە لەڕێگەی هێلیکۆپتەرو بارهەڵگرەوە دەگەیەنرێنە ناوچەکە.


ڕوانگەکە باسی لەوەکردوە، لەمدواییانەدا هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی  بەهێزکردنی بنکەکانیان بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش چڕکردۆتەوە، بەبێئەوەی هۆکارەکانی ئەو خۆپڕچەککردنە بزانرێت، یان بزانرێت دژ بەچی لایەنێک ئەو هەموو جبەخانەیە لەڕۆژئاوای کوردستان کۆدەکرێتەوە.

ئەوەش هاتوە، ڕۆژی یەکشەممە فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەر بەهێزەکانی “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی” لەبنکەی کێڵگەی غازی “کۆنیکۆ” لەگوندەواری باکوری دێرەزۆر نیشتوه‌تەوە، کە پڕ بوە لەکەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو، هاوکات لەگەڵ فڕینی هێلیکۆپتەرەکان لەئاسمانی ناوچەکەدا.

گەیاندنی ئەو هاوکاریانە لەکاتێکدایە کەمتر لە 24  کاتژمێری پێشوتر هاوپەیمانێتییەکە لەڕێگەی ئاسمانییەوە ژمارەیەکی زۆر سەربازیی بەفڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەر بەهێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەیاندنە هەمان بنکە.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی ئامادەیی جەنگیی سەربازگەو بنکە سەربازییەکانیان لەڕۆژئاوای کوردستان بەرزکردوەتەوە، بەبێئەوەی هۆکارەکانی بزانرێن، هاوتەریب لەگەڵ ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی بەچەکی جۆراوجۆر.

هەروەک دەڵێت:"لەماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ئێستای 2024دا، هێزەکانی “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی” هێزی سەربازیی زەبەلاحیان هێناوەتە بنکەکانیان، بەشێوەیەک ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هێنانی هەزارو 113 بارهەڵگرو نیشتنەوەی 65 فڕۆکەی بارهەڵگری لەڕۆژئاوای کوردستان دیکۆمێنت کردوە".

وردەکارییەکانی گەیاندنی هاوکاریی سەربازیی بەڕۆژئاوای کوردستان:
حوزەیران: 155 بارهەڵگرو ئۆتۆمبێلی سەربازیی، هەروەها نزیکەی 10 فڕۆکەی بارهەڵگر نیشتوه‌تەوە.

ئایار 175 بارهەڵگرو ئۆتۆمبێلی سەربازیی، هەروەک نزیکەی شه‌ش فڕۆکەی بارهەڵگر نیشتوه‌تەوە.

نیسان، 130 بارهەڵگرو ئۆتۆمبێلی سەربازیی، هەروەها نزیکەی حه‌وت فڕۆکەی بارهەڵگر نیشتوه‌تەوە.

مانگی ئادار، 240 بارهەڵگرو ئۆتۆمبێلی سەربازیی، هەروەها نزیکەی 14 فڕۆکەی بارهەڵگر نیشتوونەتەوە.

شوبات، 400 بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی سەربازیی، هەروەک نزیکەی 18 فڕۆکەی بارهەڵگر نیشتوونەتەوە.

مانگی یەک، 130 بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی سەربازیی، 10 فڕۆکەی بارهەڵگر نیشتوونەتەوە.