ئینستیتیوتی واشنتۆن: کوردانی عێراق بەهۆی نایەکسانیی‌و نائومێدییەوە کۆچدەکەن

کوردستان

09/07/2024‌ 2049 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئینستیتیوی واشنتۆن لەڕاپۆرتێکدا بەناونیشانی "نەبونی یەکسانیی‌و نائومێدی پاڵ بە کوردانی عێراقەوە دەنێت بەرەو ئەوروپا کۆچبکەن" بڵاوکردوه‌تەوەو تێیدا دەڵێت، دەریای سپیی ناوەڕاست بۆتە گۆڕستانێکی ئاویی بۆ هەزاران لەو کۆچبەرانەی کە تامەزرۆیی ڕزگاربونن لەو واقیعە تاڵەی باڵی بەسەر وڵاتەکەیاندا کێشاوەو دۆزینەوەی پەناگەیەکی ئارام لەڕۆژئاوا بەتایبەت ئەوروپا.


لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، ڕوداوی ئەمدواییەی وەرگەڕانی بەلەمێک لەدەریای ناوەڕاست کە بوەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 70 کەس کە زۆربەیان کورد بون وەک بیرخستنەوەیەکی دیکەی تێچوی مرۆیی ئەم قەیرانە بەردەوامە دەبینرێت، هەروەک تیشکدەخاتەسەر پەرەسەندنی ژمارەی کۆچبەرانی کورد بۆ ئەوروپا.

له‌و ڕاپۆرتەدا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، گومانی تێدانییە کە سەختی دۆخی ئابوریی یەکێکە لەهۆکارە هەرە دیارەکانی ئەم قەیرانەیە، بەڵام قەتیسکردنی کۆچی بەکۆمەڵی کورد بەهۆکارە ئابورییەکان بەکەم سەیرکردنی ئەو کێشە قوڵانەیە کە پاڵ بەکوردەوە دەنێت بۆ کۆچکردنی نایاسایی لەهەرێمی کوردستانی عێراقدا، بەڵکو  کۆمەڵێک هۆکاری ئابوریی‌و کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی ڕۆڵیان لەخراپتربونی دۆخەکە هەیە کە ئەوانەش پێویستی بەتێگەیشتنێکی ورد هەیە.

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، هەرچەندە هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر کۆچی نایاسایی لەهەرێمی کوردستانی عێراق نییە، بەڵام ڕاپۆرتە کوردییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، نزیکەی 20 هەزار کەس لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان لەساڵی 2023 کۆچیان کردوە.

لەهەمانکاتدا سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەکردوە، لەساڵی 2020وە بەتێکرایی ساڵانە 32 هەزار کەس لەڕێگەی کەناڵە نایساییەکانەوە هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتوەو ئەم ژمارەیەش لەماوەی سێ ساڵدا گەیشتوەتە نزیکەی 96 هەزار کۆچبەر.

ئینستیتیوی واشنتۆن ئاماژەی بەوەکردوە، هۆکارە ئابورییەکان بەتایبەتی ئاستی بەرزی بێکاریی لەنێوان گەنجاندا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕۆڵیان هەبوە لەدروستبونی قەیرانی کۆچی گەنجاندا، هەروەک چۆن گەشەکردنی نایەکسانیی لەهەرێمی کوردستان بونەتە هۆی قوڵکردنەوەی ئاستەنگە ئابورییەکان، بەشێوەیەک پەیوەندییە کەسیی‌و خێزانییەکان ڕۆڵیان هەیە لەدەستەبەرکردنی هەلی کارو وەبەرهێنان بۆ خاوەن کارە گەنجەکان، ئەوانەشی زێدەمافی هاوشێوەیان نییە توشی نائومێدیی دەبن، ئەوە سەرباری گەندەڵی بەربڵاوو نەبونی لێپرسینەوە لەگەندەڵکاران.

بەپەلە