هۆشدارییەک لەڕێکخراوی کەشناسیی جیهانییەوە

جیهان

11/07/2024‌ 3654 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانیی هۆشداریداوە، پلەی گەرمی زەویی بەشێوەیەکی کاتیی لە 1.5 پلەی سەدی تێدەپەڕێت، ئەمەش بەگوێره‌ى داتاکانی ئەمدواییە کە لەلایەن خزمەتگوزاری گۆڕانی کەشوهەوای “کۆپەرنیکۆس”وە دەرچوە کە ئاماژەیە بۆ سەرهەڵدانی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بێوێنە لەماوەی مانگی حوزەیراندا، ئەمەش بۆ سێزدەهەمین مانگی لەسەریەک ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد.


سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی، سێلێست سۆلۆ، پێیوابوە، ئەم تێپەڕاندنە کاتییەی پلەی گەرمی بەو مانایە نییە کە ئامانجی 1.5 پلەی سەدی بۆ هەمیشە لەدەستچوە، چونکە ئاماژەیە بۆ گەرمبونی درێژخایەن لەماوەی لانیکەم دوو دەیەدا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پلەی گەرمیی تۆمارکراوی ڕوی دەریا نیگەرانییەکی زۆر بۆ ئیکۆسیستەمی دەریایی گرنگ دروستدەکات، هەروەک وزە  بۆ دروستبونی گەردەلولەکانی کەمەرەییەکان دابیندەکات، هاوشێوەی ئەوەی لەکاتی زریانی بێریلدا ڕویدا.

لەبەرامبەردا کارلۆ بۆنتێمپۆ بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس ڕایگەیاندوە، تەنانەت ئەگەر ئەم زنجیرە دیاریکراوە لەگەرمبونەوە زۆرەکان لەشوێنێکدا کۆتایی پێبێت، جیهان بەدڵنیاییەوە شاهیدی شکاندنی ژمارەی پێوانەیی نوێ دەبێت لەگەڵ بەردەوامبونی گەرمبونی کەشوهەوا.

بەگوێره‌ى داتاکانی خزمەتگوزاری گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس، تێکڕای پلەی گەرمیی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی 1.5 پلەی سەدی لەتێکڕای خەمڵێنراو بۆ ماوەی ئاماژەی پێش ماوەی پیشەسازی (1850-1900) زیاتر بوە.

ئەمەش دوانزەهەمین مانگە لەسەریەک کە تێکڕای پلەی گەرمیی جیهانی گەیشتوەتە ئاستی 1.5 پلەی سەدی،  یان تێپەڕیوە.

تێکڕای پلەی گەرمیی جیهانیی لەماوەی 12 مانگی ڕابردودا (تەمموزی 2023 - حوزەیرانی 2024) 1.64 پلەی سەدی لەسەروی تێکڕای ماوەی پێش پیشەسازی (1850-1900) بوە، تێکڕای پلەی گەرمیی ڕوی دەریا لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2024 لەپانی 60 پلەی باشور بۆ 60 پلەی باکور گەیشتە 20.85 پلەی سەدی کە بەرزترین بەهایە بۆ ئەم مانگە تۆمارکراوە، بەوپێیەی ئەمە پانزەهەمین مانگە لەسەریەک کە تێکڕای پلەی گەرمیی ڕوی دەریا لەبەرزترین پلەی تۆماری داتاکانی خزمەتگوزاری “کۆپەرنیکۆس”دایە.

به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنی پاریس، وڵاتان ڕێککەوتن لەسەرئەوەی تێکڕای بەرزبونەوەی پلەی گەرمی جیهانیی درێژخایەن بۆ زۆر لەخوار دوو پلەی سەدیی لەسەروی ئاستی پێش قۆناغی پیشەسازییەوە بهێڵنەوە، هەروەک هەوڵەکانیان بۆ سنوردارکردنی پلەکانی گەرمیی بۆ 1.5 پلەی سەدى،  تا کۆتاییەکانی لەم سەدەیەدا.

بەپەلە