لەڕێگه‌ی شارپرێسەوە مەترسیەکی گەورە له‌كوردستانه‌وه‌ بۆ سەر جیھان ئاشکرادەکرێت

کوردستان

31/07/2024‌ 11425 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوێنەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەرێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوا لەئەوروپا له‌لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ شارپرێس مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌كوردستانه‌وه‌ بۆسه‌ر جیهان ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "جیھان چاوەڕێی نەوەیەکی نوێی داعشن کە زیاتر لە30 ھەزار منداڵی چەکدارانی داعش لەکەمپی ھۆل ھەن داوای چارەسەری ئەم پرسەمان لەجیھان کردوە".

 

د. عەبدولکەریم عومەر نوێنەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەرێوەبەرایەتی خۆسەری باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریا (ڕۆژئاڤاى كوردستان) لەئەوروپا تایبه‌ت بۆ شارپرێس وتى:"ئێستا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وەک دیفاکتۆ مامەڵەی ستاتۆیەکی فەرمی لەگەڵ دەکرێت‌و ھیچ دەرگایەک بەڕوماندا داخراو نییەو لەئاستی باڵای وەزارەتی دەرەوە پەیوەندی بەردەواممان ھەیە لەگەڵ ئەمریکا، ڕوسیا، بەریتانیا، یەکێتی ئەوروپاو ھەروەھا نەتەوەیەکگرتوەکان لەژنێف‌و زۆربەری دامەزراوە فەرمییەکان، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لەئاستی خواستی ئێمەدا نییەو ھەوڵی باشترکردنی دەدەین".

د.عەبدولکەریم عومەر وتیشى:"ھەموو وڵاتانمان ئاگادارکردوه‌تەوە لەھێرشەکانی تورکیا بۆسەر بەرێوەبەرایەتی خۆسەری باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریا (ڕۆژئاڤاى كوردستان)و بەئامانجگرتنی خوێندنگه‌، دامەزراوە مەدەنییەکان، بەنداو، وێستگەی کارەبا، پاڵاوگە نەوتیەکان‌و ژێرخانی ئابوری بۆ دوبارە بنیاتنانەوەی پێویستمان بەگرەنتی ڕاگرتنی ھێرشەکانی تورکیا ھەیە".

نوێنەری بەرێوەبەرایەتی خوەسەری باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریا (ڕۆژئاڤاى كوردستان) لەئەوروپا لەڕێگه‌ی شارپرێسەوە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر جیھان ئاشکرادەکات‌و ڕایگەیاند، "ڕاستە داعش وەکو ستاتۆ لەسەر دەستی ھێزەکانی ھەسەدە کوتاییھات، بەڵام وەکو ئایدلۆژیی‌و شانە نوستوەکانی ماون، بەھەزاران چەکدارانی داعش‌و چەکداری گروپە تیرۆریستیەکانی دیکە لەزیندانەکانی ھەسەدەدا ماون‌و لەکەمپی ھۆل دا زیاتر لە 65 ھەزار ژن‌و خێزانی چەکدارانی داعش ھەن‌و سەروی 30 ھەزار منداڵیان ھەیە کە بەپەروەردەی توندڕەوو تیرۆر گەورەبونەو وەکو بۆمبێکی تەقیتکراوو نەوەی نوێ داعش مەترسین بۆ سەر ھەموو جیھان، ھێرشەکانی تورکیا بۆسەر بەرێوەبەرایەتی خۆسەر ھاوکاری تیرۆریستان‌و چەکدارانی داعش دەکەن‌و داوامان لەھەموو وڵاتان کردوە ڕوبەڕوی ئەم مەترسییە ببن.

كه‌مپی هۆل له‌ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كه‌وێته‌ نزیك شاری حه‌سه‌كه‌و كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعشی تێدایه‌.