بۆچی جبەخانەی مووشەکیی حزبوڵڵا جێگای ترسی ئیسرائیلە؟

جیهان

01/08/2024‌ 1051 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "گڵۆبس"ی ئیسرائیلی لەڕاپۆرتێکدا ڕۆشانیی خستوه‌تەسەر مەترسییەکانی جبەخانەی جبەخانەی موشەکیی حزبوڵڵای لوبنانی لەسەر ئیسرائیل، بەشێوەیەک ئەو ڕێکخراوە خاوەنی موشەکێکە کە هاوکوفی بەرهەمی ئیسرائیل‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی دەکات، ئەوەش لەکاتێکدایە لەدوای ڕوداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە سنوری لوبنان‌و ئیسرائیل ڕۆژانە هەزاران هێرش لەهەردوولاوە بەخۆیەوە دەبینێت، لەنێویاندا ڕوداوێک لەمەجدە شەمس کە بوە هۆی کوژرانی 12 ئیسرائیلی.


ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، حزبوڵڵا خاوەنی ژمارەیەکی زۆری شەڕکەرو ئامرازی جەنگییە بەبەراورد بەبزوتنەوەی حەماس‌و جیهاد لەغەززە، ئەمەش ترسی سەرهەڵدانی شەڕێکی سەرتاسەری لەنێوان ئەو دوو لایەنە نەیارە زیاتر دەکات، بەڵام باسی لەوەشکردوە کە پێدەچێت حزبوڵڵا بەهۆی تێکچونی دۆخی ئابوریی لوبنانه‌وه‌، لەئێستادا ئامادەنەبێت بەشداریی شەڕێکی سەرتاسەریی بکات.
 
ڕۆژنامەکە لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت:"ڕەنگە ئیسرائیل زۆر خوازیاری ئەم شەڕە نەبێت بەهۆی ئەو تێچوە ئابورییە زۆرەی پێشبینیدەکرێت لێی بکەوێتەوە، کە زیاترە لەوەی کە پێشتر لەبودجەی ساڵی 2024 بۆ ئاسایش تەرخانکراوە، کە 117 ملیار شیکل تەرخانکراوە، ئەوەش 55 ملیار شیکلی زیاترە بەبەراورد بەوەی پلانی بۆ دانرابوو".

بەگوێرەی ڕۆژنامە عیبرییەکە، جبەخانەی لوبنانی حزبوڵڵا مایەی نیگەرانییەکی گەورەی ئیسرائیلە، بەوپێیەی سی ئای ئەی مەزەندەی دەکات کە ئەو حزبە خاوەنی نزیکەی 150 هەزار موشەک‌و هاوێژەک بێت، بەڕاددەیەک پێدەچێت ئەو حزبە بتوانێت لەماوەی تەنها مانگ‌و نیوێکدا هەمان ژمارەی موشەکەکانی حەماس بتەقێنێت کە لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا تەقاندویەتی.

باسی لەوەشکردوە، جبەخانەی حزبوڵڵا توانای بەرزتری هەیە بەبەراورد بەوانەی لەبەردەستی ڕێکخراوەکانی غەززەدایە، بەوپێیەی خاوەنی موشەکی مەودای کورتە (10-20 کم) کە بەهۆی کەمی بەرزی فڕینەکانیانەوە تەحەدایەک بۆ گومەزە ئاسنینەکانی ئیسرائیل دروستدەکەن.

جبەخانەی حزبوڵڵا هەروەها موشەکی دورمەودای وەک فاتح 110ی دومەوداو وردپێک لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لەفڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆدروستکراو کە پشت بەشارەزایی ئێران دەبەستن‌و مەودای تا 400 کیلۆمەتریان هەیە، ئەم هێزە لەمدواییانەدا موشەکی بورکانی بەکارهێنا کە توانای هەڵگرتنی نیو تۆن تەقەمەنییان هەیەو زیانی بەرچاو دەگەیەنن.

هەروەها موشەکی فەلەق یه‌كی ئێرانی تەحەدایەک بۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل دروستدەکات، بەوپێیەی مەودای مەودای 10-11 کیلۆمەتری هەیەو کڵاوەیەکی جەنگیی هەڵگرتوە کە کێشی 50 کیلۆگرامە.