لەپێشهاتێکی نوێدا.. زیرەکیی دەستکرد بابەتی زانستیی بۆ یەکێک لە گۆڤارە زانستییە بەناوبانگەکان دەنووسێت

هەمەڕەنگ

11/08/2024‌ 211 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

کۆسمۆس کە یەکێکە لە بڵاوکراوە زانستییە پێشەنگەکانی ئوسترالیایە، رەخنەیەکی زۆری لێگیرا دوای ئەوەی زیرەکیی دەستکردی بەکارهێنا، (بە تایبەتی بەرنامەی  GPT-4 ی ChatGPT ) بۆ نووسینی بابەتەکانی توێژینەوە.

گۆڤارەکە لە لایەن دەزگای زانستیی نیشتمانیی ئوسترالیا کە لە لایەن دەوڵەتەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە مانگی ڕابردوودا شەش بابەتی بڵاوکردەوە کە لەلایەن زیرەکیی دەستکردەوە نوسراون.

ڕەخنەکان لە لایەن پسپۆڕانی ڕۆژنامەگەریی زانستییەوە هات، کە پێیانوابوو بابەتەکان زانیاری نادرووست یان زۆر سادەکراویان تێدایە. سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی زانستیی ئوسترالیا، جاکسۆن ڕایان، ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لەو بابەتانەی کە لەلایەن زیرەکیی دەستکردەوە لەسەر “چی بەسەر جەستەمان دێت دوای مردن؟” زانیاریی هەڵە و بەڵگەی زانستیی زۆر سادە لەخۆگرتووە".

لە لایەکی دیکەوە دەزگای زانستیی نیشتمانیی ئوسترالیا بەرگریی لە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ناوەڕۆکەکە لەلایەن تیمێکی تایبەتمەندەوە پشتڕاستکراوەتەوە و دەستکاریی کراوە.

ئەم حاڵەتانە لە کاتێکدایە کە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە بواری میدیا و بڵاوکردنەوەدا مشتومڕێکی بەرفراوانی بەخۆوە بینیوە، بەو پێیەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز سکاڵای یاسایی لەسەر ئۆپن ئای و مایکرۆسۆفت تۆمارکردووە، چونکە مۆدێلەکانی زیرەکیی دەستکرد بابەتەکانی بەکارهێناوە بۆ ڕاهێنانی سیستەمەکان بەبێ مۆڵەت.