پێکەنین تەنها هەستێکی خۆش نییە، بەڵکو دەرمانێکی سروشتییە کە تەندرووستیی گشتیی باشتر دەکات و بەرگەگرتنی ئازار درووست دەکات، بەشێوەیەک لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە پسپۆڕانی پزیشکیی سوودە تەندروستییەکانی پێکەنینیان ناسیوە و ئێستاش، بەڵگەی زانستیی پشتگیریی ئەو سوودانە دەکەن.
بەگوێرەی ماڵپەڕی سایکۆلۆجی تودەی، پێداچوونەوەیەکی سیستماتیکی ئەم دواییە کە لە گۆڤاری پلۆس وەن بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە پێکەنین دەتوانێت ئاستی کۆرتیزۆڵ کەم بکاتەوە، کە ئەو هۆرمۆنەیە کە پەیوەندیی بە فشاریی دەروونییەوە هەیە.
ئەم پێداچوونەوەیە ئەنجامەکانی هەشت توێژینەوەی جیاوازی کۆکردۆتەوە و دەرکەوتووە کە پێکەنینی هەڕەمەکیی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی کۆرتیزۆڵ تا 36.7%، بەبێ گوێدانە ماوەی پێکەنینەکە.
ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێکەنین تەنها کات بەسەربردن نییە، بەڵکو ئامرازێکی کاریگەرە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فشار و باشترکردنی تەندرووستیی دەروونیی و جەستەیی.
بۆیە، پسپۆڕان ڕێنماییمان دەکەن بەوەی هەموو هەوڵێک بدەین بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی پێکەنین لە ژیانی ڕۆژانەتدا، چونکە وەک دەردەکەوێت، پێکەنین بەڕاستیی باشترین دەرمانە!
و: ئاکۆ ئاڵی