شارپرێس:
ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"ی ئەمریکی وردەکاریی گفتوگۆیەکی دزەپێکراوی لەگەڵ بەرپرسێکی نەتەوەیەکگرتوەکان بڵاوکردوهتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ نیگەرانییەکی زۆری ڕێکخراوەکە سەبارەت بەئەگەری گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی.
بهگوێرهى وردەکارییەکان، خۆرخی پاولێتی یاریدەدەری ئەفسەری یاسایی لەئۆفیسی کاروباری یاسایی نەتەوەیەکگرتوەکان، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێرێکی نهێنی لەپرۆگرامی "مۆگ کڵەب" کە لەلایەن ستیڤن کرۆودەرەوە میوانداریی دەکرێت، ڕایگەیاندوە، ڕێکخراوەکە ترسی هەیە بۆ دەرچونەوەی ترەمپ بۆ خولی دوەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
پاولێتی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی، ترەمپ کە سیاسەتی "ئەمریکا یەکەم"ی گرتوهتەبەر، ڕەنگە ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییانە تێکبدات کە هەوڵی بەدەستهێنانی یەکسانیی جیهانیی دەدەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، ئامانجی نەتەوەیەکگرتوەکان بەهێزکردنی ناسنامەی جیهانییە کە ئەمەش پێچەوانەی بیرۆکەی سەروەری ڕەهای ئەمریکایە.
ناوبراو نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەوەی کە ئەمریکا بەگەورەترین بەشداربوو لەبودجەی نەتەوەیەکگرتوەکان، ڕەنگە ڕەتیبکاتەوە پابەندبێت بەبڕیارەکانی ڕێکخراوەکە لەسەردەمی ترەمپدا.
پاولێتی ئاماژەی بەوەشکردوە، ڕەنگە ترەمپو شوێنکەوتووانی هەر یاسایەکی نێودەوڵەتیی ژینگەیی کە بەسەریاندا سەپێنراوە پشتگوێ بخەن یان دژایەتیی بکەن، ئەمەش نیگەرانییەکانی دەوروژێنێت کە ئەمریکا هاوکاری سیاسەتە جیهانییەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان ناکات.