شارپرێس:
فەرمانگەی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەنابەران ئاشكرایكرد، 20 کۆچبەر تائێستا بێسهروشوێنن پاشئەوەی بەلەمەکەیان لەدەریای سپی ناوەڕاست لەنزیک دورگەی لامپیدوزای ئیتاڵیا نقوم بوه.
چیارا کاردۆلێتی وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران ئاماژهى بهوهداوه، 20 کەس لەدەریای ناوەڕاست بێسەروشوێنن پاشئەوەی بەلەمێک لە 1ی ئەیلول نقوم بوو، ئەو حەوت ڕزگاربوەی تیمەکەمان لەلامپیدوسا ڕزگاریان کردون، لەدۆخێکی سەختدان، زۆربەیان کەسوکاریان لەدەستداوە.
میدیاکانی ئیتاڵیا دەڵێن 21 کەس بێسەروشوێنن کە سێ منداڵیان تێدایە، پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیاش کە هەندێ لەکۆچبەرەکانیان ڕزگارکردوە، دەڵێن، "پەنابەرەکانی ناو بەلەمەکە خەڵکی سوریان".
بەگوێرەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران، لەساڵی 2023دا زیاتر لە سێ ههزار کۆچبەر دوای ئەوەی هەوڵیانداوه لەدەریای ناوەڕاست بپەڕنەوە، تائێستا بێشهروشوێنن.
ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیاش باسى لهوهكردوه، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی هاتنی پەنابەران لەڕێگەی دەریا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە، لەنێوان 1ی کانونی دوەم تا 4ی ئەیلولى ئهمساڵ واته تاوهكو دوێنێ چوارشهممه، 43 هەزارو 61 کەس گەیشتونەتە ئیتاڵیا، بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی 2023 کە ژمارهیان 115 ههزارو 177 کەس بون.
دوشەممەى ڕابردوش مێدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لەئاوەکانی ئیتاڵیا تێکشکاوەو دەیان کۆچبەر کە بەشێکیان کوردن، تائێستا بێسهروشوێنن.
ههروهها ڕۆژی (18ی حوزەیرانی 2024)ش فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەحکوومەتی هەرێمو هاوکات لەڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندیدایە، وێرای پێکهێنانی ژورێکی ئۆپهراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە بکاتو بەدواداچون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیان بیکات.