وردەكاری پرۆسەی كردنەگرێبەستی مامۆستایانی وانەبێژ

کوردستان

06/09/2024‌ 334 جار خوێندراوه‌ته‌وه


وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لیژنەیەكی تایبەت بەسەرۆكایەتی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت وردبینی لە لیستی وانەبێژان دەكەن.

 ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەمیدیای نزیك لە پارتی وت، لیژنەیەكی تایبەت بەسەرۆكایەتی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت وردبینی لە لیستی وانەبێژان دەكەن.

دەشڵێت، ئەو لیژنەیە لە دوێنێوە دەستیان بەكار كردووە و ئەمڕۆ هەینیش بەردەوامن، چونكە ئەو ڕۆژەی سەرۆكی حكوومەت بڕیاریدا مامۆستایانی وانەبێژ بكرێنە گرێبەست، دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا كارەكانیان تەواو بێت. بۆیە ئەو لیژنەیە بەردەوام دەبن لەكارەكانیان تاوەكو وردبینیەكە تەواو دەكەن.

وەزیری پەروەردە وتیشی، هەر مامۆستایەكی وانەبێژ دەبێت ناوی لەسستەم هەبێت و لە خوێندنی 2023-2024 بەردەوام بووبێت، هیچ كەسێك زیاد ناكرێت بۆ سیستەم، بەڵام لەگەڵ نوێنەرانی وانەبێژانیش قسەمان كردووە دوو تا سێ دامەزراوەی نوێمان هەیە، كە پەیمانگەیەكی پیشەیی سیستەمی ئینگلیزی لە كفری دەكەینەوە، كە خۆمان داوای 10 مامۆستای دەرچووی زمانی ئینگلیزیمان كردووە. پەیمانگەیەكی پیشەیی لە سلێمانی دەكەینەوە، كە لەوێش 10 مامۆستا وەردەگرین كە هەموویان هەڵسەنگاندیان بۆ كراوە، هەروەها ئەوناوانەی بەردەوام بوون لە ناوەندەكانی خوێندنی 2023-2024 تەنیا ئەوانەن كە وردبینیان بۆ دەكرێت.

لە بارەی ئەوانەی وانەبێژ بوونە و دواتر وازیان هێناوە، ڕوونی كردەوە، لیستێكمان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی ئیمزای بكەین، كە لیستی ئەو وانەبێژانەیە لە ساڵانی ڕابردوودا خزمەتیان كردووە و دواتر بەهەر هۆكارێك بێت وازیان هێناوە.