شارپرێس:
نەبیل مەرسومی شارەزای ئابوریی عێراقی ئاشکرایکردوە، ژمارەیەک لەئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا نامەیەکیان بۆ جۆ بایدن سەرۆک کۆماریان ناردوە کە پەیوەندیی بەعێراقەوە هەیەو پەیوەستە بەتێوەگلانی عێراق لەبەقاچاخبردنی نەوت لەبەرژەوەندیی ئێرانو خۆدزینەوە لەسزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئەو وڵاتە.
نهبیل مەرسومی بهمیدیاكانى عێراقى وتوه، "ئەم نامەیە چەندین لایەنی عێراقی لەوانە وەزارەتەکانی نەوتو گواستنەوەو سۆمۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی، تێوەگلاون لەقاچاخکردنی نەوتی عێراق بۆ بەرژەوەندیی ئێران، ئەو کارانەش بریتیین لەیاریکردن بەتەرخانکراوە داراییەکانو بەقاچاخبردنی نەوتی ڕەش بۆ بازاڕی نێودەوڵەتیی لەجیاتی بەکارهێنانە پیشەسازییە ئاساییەکانه".
دەشڵێت:"لەنامەکەدا حکومەتی عێراق تۆمەتباردەکات بەئاسانکاریی ئێران بۆ خۆدزینەوە لەسزاکانی ئەمریکا بەڕێگەدان بەهاتنە ناوەوەی نەوتی ئێران بۆ ناو ناوچەکانی بارکردنی نەوتی دەرەوەی عێراق، بەشیوەیەک لەوێ تێکەڵ بەنەوتی عێراق دەکرێتو وەک بەرهەمێکی عێراقی دەفرۆشرێت".
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئینستیتیوتی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، بەهای ئەم مامەڵانە ساڵانە بەنزیکەی یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەمەش ڕێگە بەئێران دەدات خۆی لەسزاکان بدزێتەوە".
لەبەشێکی تری قسەکانیدا ئەو شارەزا ئابوورییە عێراقییە دەڵێت:"لەنامەکەدا نیگەرانییەکان سەبارەت بەدەستڕاگەیشتنی ئێران بەدۆلاری ئەمریکیی لەڕێگهی فرۆشتنی نەوتەوە باسی لێوەکراوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، “پەیامەکەی کۆنگرێس هەروەک بریتی بوە لە: پێویستیی بەدواداچونو هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئایا وەزارەتی نەوت، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، کۆمپانیای گشتیی بۆ بەندەرەکانی عێراقو کۆمپانیای پیشەسازییە کانزاییەکان بەشدارییان لەو چالاکییانەدا کردوە کە شایانی سزا بەسەردا سەپاندنن یان نا".