سالار یاسین
فلیمی (born on the Fourth of July) یەکێکە لەفلیمە هەرە جوانەکان شایانی دوبارە سێ بارە سەیرکردنە، فلیمەکە قەزیەێیکی ئینسانی گەورەی لەپشتە ، چ وەکو کارێکتەری سەرەکی کە سەربازێکی ئەمریکییە لە شەری ڤێتنام بەژداری دەکات وبەچەندین قۆناغی سایکۆلۆژی زۆر دژوار تێدەپەرێ ،چ وەکو ئەو رووداوانەی نێو فلیمەکە شوێنەوارێکی ناخۆش لەسەر سایکۆلۆژی بینەر جێدێلن و تارادەێکی زۆر ریسوای سیاسەتی شەرخوازانەی ئەمریکا دەکات.
فلیمەکە لەساڵی 1989دا بەرهەم هاتووە و لە گێرانەوەی بیرەوەری چیرۆکێکی راستەقینەی ژیانی سەربازێکی ئەمریکی لەشەری ڤێتنام وەرگیراوە ، سەربازە ئەمریکییە کە ناوی (Ron Konica ) ئەکتەری ناسراوی هۆلیود تۆم کروس ڕۆلی گێراوە ، شایانی باسە فلیمەکە چەندین خەلاتی گەورەی بەدەست هێناوە .
دەربارەی فلیمەکە لەچاوپێکەوتنێکدا تۆم کروس ووتی ( لەو فلیمە هەرچی قودرەت و تاقەی ئەکتینم هەبوو ، هەموویم پێشکەش کرد ، دەتوانم بڵێم هیچم نەماوەتەوە کە پیشانم نەدابێ )
لەساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو ناکۆکییەکی گەورە لەنێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی ئەو کات هەبوو ، ئەمریکا لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەیاندا ، هەوڵیاندەدا بەربەستێک لە بەردەم مەدی گەشەکردنی یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتە شوعییەکان دانێن ( هەر چەند ئەو کات باو باوی شوعیی و وڵاتانی سۆسیالیستی بوو ) لە ئاستی ناوەخۆشدا ئیشیان لەسەر ناشیرن کردنی وڵاتانی سۆسیالیستی دەکرد و لە هەمانکاتدا بازاریان بۆ رەوایەتی شەری ڤێتنام گەرم دەکرد.
لەژێر کاریگەری ئەوبارو دۆخەدا کارێکتەری سەرەکی فلیمەکە هەر لە منداڵیەوە خەونی بەپاڵەوان بوون لە هزو بیرکردنەوەی دایە و لە شەرەگەرەکی مندالاندا رۆڵی سەرکردە دەبینێ ، دواتریش بەهۆی سەپۆرتی دایکی یەوە بێ دوو دڵی بە ویستی خۆی دەبێتە سەرباز و بەژداری لە شەری ڤێتنام دەکات .
بەڵام ناخۆشترین مەشهەد کە رووبەرووی دەبێتەوە کوشتنی ژن و مندال و ئینسانی مەدەنی بێ چەکە ، ئەوە بەتەواوی توشی شۆکی دەکات بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبوڵ کردن نییە .
لەوەش ناخۆشتر کە کاریگەرییەکی زۆر لەسەر نەفسیەتی دەکات ، کوشتنی هاورێیەکی سەربازی خۆی بەهەڵە ، لێرەدا جوانیو راست گۆیی ئەو کارێکتەرە بەدیار دەکەوێ ، چونکە بەوژدانە دان بەهەڵەکەی دادەنێ و ئامادەی وەرگرتنی هەر جۆرەسزایەکە ، بەڵام لێپسراوەکانی پێ داگری دەکەن و پی دەڵێن تۆ نەتکوشتوە ، ئەوەش توشی حاڵەتێکی دەروونی ناخۆشی دەکات کە چۆن راستییەکان دەشارنەوە .
ئەوەی زۆر زیاتر نائومێدی دەکات ئەوەیە کاتێک کە بریندار دەبێ و بەهۆیەوە هەردووقاچی لەکارکردن دەکەوێ و ئەو مامەڵە خراپەی لە نەخۆشخانە لەگەلی دەکرێ کە دوورە لە هەموو رێسایەکی ئینسانی ، زۆر بێ تاقەتی دەکات و هەست دەکات ئەو حکومەتە شایانی ئەوە نییە ئینسان هیچ قوربانییەکی بۆ بدات ( وەکو لای خۆمان کە چۆن کەس و کاری شەهیدان هەست دەکەن خوێنی رۆڵەکانیان بەخۆرای رۆیی و پێشمەرگە بریندارەکان رۆژبەرۆژ زیاتر پەشیمان دەبنەوە ، چونکە تێگەیشتونە ئەو دەسەلاتە کوردییە بێباکە بەرامبەر هاولاتییەکانی خۆی ، بۆیە بەهیچ شێوەیەک شانی ئەوە نییە ئینسان قوربانی بۆ بدات )
لە بەشی کۆتایی فلیمەکە تۆم کروس دەگەرێتەوە بۆ ماڵەوە کاتێکی زۆر بەخواردنەوە بەسەر دەبات تارادەی مودمین بوون ، دواتر سەردانی دایک و باوکی ئەو هاورێیەی دەکات کە بەهەلە کوشتویەتی ، ئەو مەشهەدە زۆر پرئازارە ، چونکە ئەو دایک و باوکە پیرە لە لایەک ئازاری لەدەست چونی کورەکەیان لا زیندوو دەبێتەوە ، لە لایەکی ترەوە هەست بە تورە بوونێکی زۆر دەکەن کە راستییەکەیان لیشاردراوەتەوە ، ئینجا سەرباری ئەوەش قاتیلی کورەکەیان هاتۆتە لایان و دەگری و داوای لێخۆشبوون دەکات .
لێرەوە تۆم کروس لە ناو ئەو مەئساتانەدا هەستی بەرپرسیارێتی لا دورست دەبێ و دەبێتە چالاک وانی مەدەنی و قیادەی چەندین خۆپیشاندان و چاڵاکی مەدەنی دەکات و لە چاوپێکەوتینەکانی تیڤیدا سیاسەتی شەری ڤێتنام ریسوا دەکات .
لەکۆتایدا جاران لە زۆر فلیمی ئەمریکی پاڵەوانێک دورست دەکرا کە دەچێتە ناو شارێک و دەیان خەڵک دەکوژێ ، بەڵام ئەو فلیمە بەپێچەوانەوە ئیش لەسەر پیشاندانی پاڵەوانێکی راستەقینە دەکات کە هەلقولاوی ناو خەڵکە ، هەر بۆیە کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر دورست کردنی رای گشتی خەڵک دژ بەشەر ناعەدالتی . هەر ئەوەش بوو وای کرد لە هەموو شەرەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و ئەڤگانستان دەیان و سەدان خۆپیشاندان و چاڵاکی مەدەنی بکرێ دژ بەو شەرە .