ڕۆژنامەیەکی عیبری ئەو دوو هەڵەیەی نەسروڵڵا ئاشکرادەکات کە بونە هۆی کوژرانی

جیهان

30/09/2024‌ 5661 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "کالکولۆست"ی ئیسرائیلی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەدوو هەڵەی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی بەرامبەر بەئیسرائیل کردوە، کە دواجار بوە هۆی ئەوەی لەسەر ئەو دوو هەڵەیە، سەری خۆی لەسەر دابنێت.


ڕۆژنامەکە دەڵێت، حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، ڕێکخراوەکەی گۆڕیوە بۆ هێزێکی ئابوریی زەبەلاح کە سەرچاوەی دارایی پەرش‌و بڵاوی لەناوخۆو دەرەوەی لوبنان هەبێت.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، نەسروڵڵا هەرچەندە شانازی بەوەوە دەکرد کە دەتوانێت بەباشی نیازەکانی ئیسرائیل بخوێنێتەوە، بەڵام لەهەڵسەنگاندنەکانیدا دوو هەڵەی کرد کە بەهۆیەوە سەری خۆی لەسەر دانا.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردوە، یەکەم هەڵە لەساڵی 2006 بوو دوای جەنگی دوەمی لوبنان، کاتێک نەسروڵڵا دانی بەوەدانا کە ئەگەر بیزانیبوایە وەڵامی ئیسرائیل بەم توندوتیژییە دەبێت، ئەوا فەرمانی ڕفاندنی سەربازە ئیسرائیلییەکانی نەدەدا، کە بوە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ.

بەقسەی ڕۆژنامەکە، هەڵەی دوەمی نەسروڵڵا ڕۆژی 8ی ئۆکتۆبەر بوە، کاتێک نەسروڵڵا بڕیاریدا بەرەیەکی نوێی جەنگ بۆ پشتیوانیی لەکەرتی غەززە بکاتەوە، هاوکات پێداگریی لەسەر جیانەکردنەوەی گۆڕەپانە جیاوازەکانی شەڕ دژ بەئیسرائیل کرد.

ڕۆژنامەکە ڕونیشیکردەوە، ئەم بڕیارە دواجار بوەتە هۆی تیرۆرکردنی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، ئەویش دوای ئەوەی نەیتوانیوە هۆشدارییەکانی ئیسرائیل بخوێنێتەوەو تێیان بگات، لەنێویاندا تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی ڕادیۆیی (پەیجەر)و تیرۆرکردنی فەرماندەی هێزە دەستەبژێرەکانی حزبوڵڵا (هێزی ڕەزوان).

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، نەسروڵڵا کە زۆر وریا بوە لەئاسایشی کەسیی خۆی، چاوەڕێی ئەوەى نەدەکرد ئیسرائیل تاڕاددەی تیرۆرکردنی هەنگاوبنێت‌و ئەوکارە بکات.