شارپرێس:
ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوردەکارییەکانی هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ تیرۆرکردنی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا لەدوای هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر کردوە، بەڵام بەگوێرهى ڕاپۆرتەکە لەدوایین ساتدا ئیسرائیل لەئەنجامدانی ئەو هەوڵە پاشگەزبوهتەوەو ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنی نەسروڵڵای هەڵوەشاندوهتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە، هەواڵگریی ئیسرائیل لەمساڵانەی دواییدا توانیویەتی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو پەرەپێبدات کە بتوانێت شوێنی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان دیاریی بکات، کە گومان وابوە لەژێر زەویدا لەتۆڕێکی تونێلو حەشارگەکاندا خۆی پەناداوە.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردوە، ئیسرائیل لەساڵی 2006وە چەندین هەوڵی تیرۆرکردنی نەسروڵڵای داوە، هەندێکیان بەهۆی جێهێشتنی شوێنی ئامانجەکە یان بێتوانایی موشەکەکان لەبڕینی پێکهاتەی کۆنکرێتی ئەو حەشارگەیەی نەسروڵلا خۆی تێدا حەشارداوە شکستیهێناوە.
ئەوەش هاتوە، لەڕۆژانی دوای هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بەپشتبەستن بەزانیاریی هەواڵگریی ئیسرائیلی دەستیان بەجوڵە بەرەو شوێنی دیاریکراوی نەسروڵڵا بۆ لێدانو بەئامانجگرتنی کردوە، بەڵام پێش جێبەجێکردنی ئەرکەکە لەسەر داوای کۆشکی سپی بەدەستێوەردانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەڵوەشاوەتەوە.
بەڵام لەکۆتاییدا سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، نەسروڵڵا لەهێرشێکی ئاسمانیی سوپای ئەو وڵاتەدا کوژراوە کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی گەڕەکی باشوری بەیروتی کردە ئامانجو دواتریش حزبوڵڵا کوژرانی پشتڕاستکردەوە.