شارپرێس:
لەشاری چۆنگچینگ لەباشوری ڕۆژئاوای چین، ئاژانسی بۆشاییگەری چینی (CMSA) پەردەی لەسەر دیزایینی پۆشاکی بۆشایی ئاسمانیی ئاژانسەکە لادا کە مەبەست لێی بەکارهێنانییەتی بۆ نیشتنەوە لەسەر ڕوی مانگ.
ئەو پۆشاکە سپییە بۆ نیشتنەوەی بۆسەر مانگ لەکۆڕبەندی سێیەمی تەکنەلۆژیای جلە ئاسمانییەکان نمایشکرا کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەو ڕاهێنانی ئاسمانیی چین لەشاری چۆنگچینگ لەباشوری ڕۆژئاوای چین بەڕێوەچوو.
بەدلەکە بەوە جیادەکرێتەوە کە هێڵی سوری زەقی تێدایە کە ئیلهامیان لەشریتە ئەفسانەییەکانی "ئەپسارا فڕیو" لەهونەری دونهوانگ وەرگرتوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، جلوبەرگی بۆشایی ئاسمانیی چینی لەمادەی پارێزەر دروستکراوە کە دەتوانێت کەشتیوانان لەژینگەی گەرمی مانگو تۆزی مانگ بپارێزێت.
هەروەک ئەم جلە پانێڵێکی کۆنترۆڵکردنی یەکگرتوی فرە کارایی تێدایە، هەروەک کامێرا بۆ تۆمارکردنی دیمەنە نزیکو دورەکان.
ئەوەش هاتوە، دیزاینی گشتیی پۆشاکی بۆشایی ئاسمان کێشی سوکەو گونجاوە بۆ چالاکییەکانی ڕوی مانگ.
و: ئاکۆ ئاڵی