لەسەر فەرمانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا، دەسەڵات درایە سەرۆکی زانکۆ حکومی و ناحکومییەکان لەکاتی پێویستدا دەوام رابگرن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمشەو شەممە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانى دامەزراوەى کەشناسى و بوومەلەرزەزانیی هەرێمى کوردستان و نالەبارى کەشوهەواى ناوچەکانى کوردستان و بەفربارین، لەپێناو پاراستنى سەلامەتیی گیانى خوێندکاران، قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەرانى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەردوو کەرتى گشتى و تایبەت، لەسەر فەرمانى د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە رەچاوکردنى بارودۆخى کەشوهەواى ناوچە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستان، دەسەڵات دەدرێتە سەرۆکی زانکۆکان بۆ ئەوەى لە کاتى پێویستدا دەوام رابگرن".
هاوکات بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەواوە، سبەینێ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنوورەکە پشووە. پەروەردەی رانیەش کردی بە پشوو.