نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی مێژویی تۆماركرد

ئابوری

17/04/2025‌ 3715 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهای زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکردو توانیی بەرزبێتەوە بۆ 3357 دۆلار.


بەرزبونەوەی ئەمڕۆی نرخی زێڕ دوای ئەوە ڕویدا کە جیرۆم پاوڵ سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا شەوی ڕابردوو هۆشداریدا لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی پێناسە گومرکییەکان لەسەر ئابوریی ئەمریکا.
 
پاوڵ ڕایگەیاند، پێناسە گومرکییەکان توانای بانکی ناوەندیی ئەمریکای لاوازکردوە کە لەکاتێکدا کاردەکات بۆ کەمکردنەوەو کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، هاوکات هانی گەشەی ئابوریش بدات.

لێدوانەکانی پاوڵ بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکاو بەهای دۆلاری ئەمریکی داڕماند.
 
پێنوێنیی دۆلار بەڕیژەی 0.83٪ بۆ 99.17 دابەزی، ئەوەش بوە هۆکاری بەرزبونەوەی بەرچاوی به‌هاى زێڕ.
 
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ 3357 دۆلار بەرزبوەوە، بەڵام پاش چەند كاتژمێرێك کەمێک دابەزی‌و ئێستا بەنزیکەی 3340 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، کە هێشتا ئاستێکی مێژوییەو هیچ رۆژێکی دیکە ئەو ئاستەی تۆمارنەکردوە.
 
برایان مارتین‌و دانییەل هاینێس، شارەزایانی بازاڕە داراییەکان سەر بەبانکی ANZ دەڵێن، "چەندین هۆکاری وەک، ناڕونییەکانی پەیوەست بەپێناسە گومرکییەکان‌و ترس لەسەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان‌و ئاسۆی کەمکردنەوەی سودی بانکی، بونەتە هۆکار بۆ بەرزبونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ".