شارپرێس:
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا کاروانێکی گەورەی هاوکاریی سەربازییو لۆجیستیی لەڕێگهی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کردوە.
ڕوانگەکە باسی لەوەکردوە، دوێنی چوارشەممە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی کاروانێکی نوێیان ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کردوە کە لهنزیکەی 30 بارهەڵگر پێکهاتوەو ئامێری لۆجستییو پزیشکییو هەروەک زرێپۆشی سەربازییان لەخۆگرتوە.
ئەوەش هاتوە، کاروانەکە لەهەرێمی کوردستانەوە هاتوەو لەڕێگهی دەروازەی سنوریی وەلیدەوە داخڵی ڕۆژئاوای کوردستان بوەو ڕویان لەبنکە سەربازییەکانی سەر بەهاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لەناوچەکە کردوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە کاروانێکی سەربازیی سەر بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لەڕێگەی دەروازەی سنوریی وەلیدەوە هاتە ناو خاکی سوریاو بەرەو بنکەی قەسرەک لەباکوری پارێزگای حەسەکە بەڕێکەوتوە.
هەروەک هەلیکۆپتەرەکانی هاوپەیمانان بۆ دەستەبەرکردنی ڕێڕەوی کاروانەکە بەئاسمانەوە سوڕاونەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، کاروانەکە پێکهاتوە لە 15 بارهەڵگر کە بەتانکەری سوتەمەنییو کۆنتێنەری داخراویان بارکردوە کە نەزانراوە چییان بۆ ناوچەکە گواستوهتەوە.
