هه‌په‌گه‌: ئێمه‌ هێرشه‌ درۆنیه‌كه‌ى سه‌ر پێشمه‌رگه‌مان ئه‌نجامدا

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 15501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێزه‌كانى پاراستنى گه‌ل (هه‌په‌گه‌ ـ باڵى سه‌ربازیى په‌كه‌كه‌) ئاشكرایده‌كات، ئه‌و دوو هێرشه‌ درۆنیه‌ى كراوه‌ته‌سه‌ر هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌سنورى ئامێدى له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ كراوه‌، ده‌شڵێت:"به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هێزه‌ى پێشمه‌رگه‌ لەنێوان گوندەکانی گوهەرزێ‌و بەلاڤێ، دەستیانکردوە بەدروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی نوێ، ئه‌و بنكه‌یه‌ش به‌ته‌واوه‌تى ڕێگەی نێوان زاپ‌و گارە داده‌خات".


له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌وه‌و دوو ڕۆژ له‌سه‌ریه‌ك، دوجار لەڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە خاڵێکی هێزەکانی پێشمەرگە لەسنوری ئامێدی کرایە ئامانج‌و به‌هۆیه‌وه‌ پێنج پێشمەرگە برینداربون، دوای ڕوداوەکانیش ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاگەیه‌ندراوێکى بڵاوكرده‌وه‌و به‌بێ ناوهێنانى هیچ گروپ‌و هێزێك، ئەنجامدەرانی هێرشەکەی بەگروپێکی تیرۆریستی ناساندو ڕایگەیاند، "لەکاتێکدا پرۆسەی ئاشتی لەباکورو کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لەڕۆژئاواو پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم خەریکە بەئەنجامدەگات، هەندێ لایەن‌و گروپ هەوڵدەدەن پرۆسەی ئاشتی‌و سەقامگیریی لەدەڤەرەکەدا پەکبخەن".

ڕۆژانى 28و 29ى مانگى ڕابردوو لەنێوان گوندەکانی گوهەرزێ‌و بەلاڤێ لەقەزای ئامێدی لەپارێزگای دهۆک، دوجار هێرشى درۆنى كرایه‌سه‌ر خاڵێکی سەربازیى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ كه‌ سەرقاڵی دروستکردنی بنكه‌یه‌كى سه‌ربازیى نوێ بون، كه‌ لەهێرشى یه‌كه‌م سێ پێشمەرگەو له‌هێرشى دوەمیشدا دوو پێشمەرگەى دیكه‌ برینداربون.
 
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕاگەیه‌ندراوێکى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى، "لەو ناوچەیەی ئاڵۆزییەکە ڕویداوە لەشوباتی ئەمساڵدا دوو گەریلایان بەناوەکانی عەگیدو گۆران شەهیدبون، لەهەمان ناوچەدا هێزەکانی پارتی لە 28ی نیسان لەنێوان گوندەکانی گوهەرزێ‌و بەلاڤێدا دەستیانکردوە بەدروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی نوێ".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "لەبەر پەیامە باشەکانی سەرکردەکانیان (سەرکردەکانی پارتی) بۆ پشتیوانیی لەپرۆسەی نوێ، ئێمەش چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە هەڵوێستێکی ئەرێنی لەکرداردا پیشانبدەن، بەڵام هەڵوێستیان لەبڕینی ڕێگەی نێوان زاپ‌و گارەو هەوڵدان بۆ داخستنی تەواوەتی ڕێگه‌كه‌، نیگەرانی جدی بەدوای خۆیدا هێنا".

هەپەگە له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ته‌واوى ئەو سنورە بەستراتیژی بۆ خۆی پێناسە دەکات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "گرتنی ئەم خاڵە ستراتیژییە بەشێکە لەپیلانێکی لەناوبردن‌و گەمارۆدان دژی هێزەکانمان دەکرێت کە ماوەی چوارساڵە بەئازایەتی لەزاپ بەرخۆدان دەکەن، فەرماندەییمان لەو گۆڕەپانە لە 28و 29ی نیساندا بەهەستیارییەکی زۆرەوە بۆ ڕونەدانی هیچ زیانێک، لەئاستێکی بچوکدا بۆ هۆشیارکردنەوە دەستوەردانیان کرد".

هەپەگە داوا لەبەرپرسانی پارتی دەکات، "ئەگەر ئەمکارە بەبێئاگاداری ئەوان دەکرێن، سەرکردەکانیان دەستوەردان بکەن‌و ڕایبگرن، لەم قۆناغە مێژوییەدا کە ئێمە لەسەروبەندی بڕیارێکی ستراتیژیداین بۆ ئایندەی گەلەکەمان‌و بزوتنەوەکەمان، نامانەوێت گرژیی‌و ململانێ لەگەڵ کەس دروستبکەین، بەپێچەوانەوە دەمانەوێت لەچوارچێوەی پرۆژەی ئاشتی‌و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ئاپۆدا لەڕێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ هەمولایەک کێشەکانمان چارەسەربکەین".
 
هه‌په‌گه‌ ئه‌وه‌شى نوسیوه‌، "ئێمه‌ لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان‌و لەیەکی ئادارەوە ئاگربەستی تاکلایەنەمان ڕاگەیاندوە، بەڵام دوو مانگ تێپەڕیوە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر هێزەکانمان نەوەستاون، ئۆپەراسیۆنەکان لەسەرتاسەری کوردستان نەوەستاون بەتایبەت لەناوچەکان بۆتان، گارزان، ئامەد لەباکوری کوردستان‌و هێرشە ئاسمانی‌و زەمینییەکان بۆسەر ناوچەکانی هێزەکانمان لەباشوری کوردستان".
 
ئاشكراشیكردوه‌، "لە هێڵی گردی جودی ـ دەهلەشنۆ لەزاپ تاوەکو گوندی بازیان لەڕۆژئاوای مەتین، ڕۆژانە لەزۆر خاڵدا شەڕ لەنێوان هێزەکانی گەریلاو هێزەکانی سوپای تورکیا ڕودەدات، لەم ماوەیەدا چەندین هەڤاڵمان بەهۆی هێرشەکانەوە شەهید بون، ڕونە کە لەناو سوپاو دەوڵەتی تورکدا بازنەیەکی شەڕخواز هەیە کە نایەوێت پرسی کورد بەڕێگەی سیاسی چارەسەربکرێت، بەڵکو دەیانەوێت شەڕەکە بەردەوامبێت، بۆیە هێرشەکان بەردەوامن".