ئێران كەسێكی بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دا

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 541 جار خوێندراوه‌ته‌وه


سزای سێدارەی موحسین لەنگەرنشین، بەندكراوی سیاسیی خەڵكی شاری نەوشەهری مازەندەران كە پێشتر بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە پرۆسەیەكی ناڕووندا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج جێبەجێ كرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی چوارشەممە سزای سێدارەی موحسین لەنگەرنشین، بەندكراوی سیاسیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵكی شاری نەوشەهر لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج جێبەجێ كرا. ناوبراو ڕۆژی شەممەی هەفتەی ڕابردوو بۆ ژووری تاكەكەسی گواسترابووەوە و ڕۆژی ڕابردووش دوایین چاوپێكەوتنی لەگەڵ بنەماڵەكەی ئەنجام دا.

ئاژانسی میزان، سەر بە دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای پشتڕاست كردنەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندكراوە سیاسییە ڕایگەیاندووە كە ناوبراو بە هۆی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و  بەشداریكردنی لە تیرۆری حەسەن سەیادخۆدایی لە فەرماندە پلە بەرزەكانی سوپای پاسداران لە تاران دەستبەسەر كراوە.