زانیاریی گرنگ سه‌باره‌ت به‌موچەی کرێکاری خانەنشین بوو

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8254 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی هه‌رێمى كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو کرێکارانەی لەکەرتی تایبەت خانەنشین بون، مانگانە بەبێ دواکەوتن موچەکانیان وەردەگرن، ده‌شڵێت:"هەر کرێکارێك ئەگەر دەستەبەر بکرێت دەتوانێت وەك فەرمانبەرانی حکومی خانەنشین بێت".


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى حکومەتی هه‌رێم ئاشكرایكردوه‌، بەگوێرەی یاسای کار، هەر کرێکارێك ئەگەر دەستەبەر بکرێت دەتوانێت وەك فەرمانبەرانی حکومی خانەنشین بێت.

ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئێستا لەهەرێمی کوردستان 958 کرێکار دوای دەستەبەرکردنیان لەپڕۆژەکانی کەرتی تایبەت خانەنشینبونەو مانگانە بەبێ دواکەوتن موچەکانیان وەردەگرن".

هه‌ر له‌و زانیاریانه‌دا هاتوه‌، "بەشێكی زۆری کرێکاران دوای دەستەبەرکردنیان‌و دەستلەکارکێشانەوە لەکارەکانیان، پاداشتی کۆتاییی خزمەتیان وەرگرتوە، تەنها لەساڵی 2024دا یه‌ك هه‌زارو 49 کرێکار نزیکەی 34.6 ملیار دیناریان وەك پاداشتی کۆتاییی خزمەت وەرگرتوە".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "حکومەتی هەرێم بەگوێرەی یاسای کارو یاسای خانەنشینی‌و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران، سندوقێکی تایبەتی بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران داناوە کە پاداشتی خزمەتی کرێکاران‌و موچەی خانەنشینیان لەڕێگەی ئەو سندوقەوە پێدەدرێت‌و ئێستا سەرمایەی ئەو سندوقە 1.341 ترلیۆن دینارە".