ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق نزیکە لە واژۆکردنی گرێبەستێک بۆ کڕینی 12 فڕۆکەی جەنگیی ڕافال ئێف 4ی فەرەنسی، ئەمەش بەشێکە لە پاکێجێک کە پڕچەککردنی تەواو و چاککردنەوە و ڕاهێنان و پشتگیریی لۆجستیی لەخۆدەگرێت، کە بەهای نزیکەی 3 ملیار دۆلارە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، عێراق پێشتر بڕی 240 ملیۆن دۆلاری پێشوەختەی داوە و ئەوەی دەمێنێتەوە لە ڕێگەی سیستەمی "نەوت بەرانبەر کەلوپەلی سەربازیی"ەوە دەدرێت.
ئەم گۆڕانکارییە دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پێشووی عێراق لەگەڵ پاکستان دێت بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی JF-17 Block 3، سەرەڕای واژۆکردنی گرێبەستێکی سەرەتایی بە بەهای 1.8 ملیار دۆلار، کە فڕۆکەی ڕاهێنەری MFI-17 Mushshakیشی لەخۆگرتبوو.
گرنگیدانی عێراق بۆ فڕۆکەی جەنگیی ڕافال لە ساڵی 2020 دەستیپێکرد، بەوپێیەی بەهۆی کشانەوەی پاڵپشتی تەکنیکیی ئەمریکاوە، فڕۆکە جەنگییە عێراقییەکانی جۆری F-16IQ دروستکراوەکانی ئەمەریکا، توانای کارکردنیان نەما.
عێراق داوای وەشانی نوێتری F4ی فڕۆکەی رافالی کردووە، لەگەڵ مووشەکەکانی میتیۆری دوورمەودا لە درووستکراوی کۆمپانیای MBDA، سەرەڕای فشارەکانی ئیسرائیل بۆئەوەی فەڕەنسا ئەو جۆرە مووشەکە پێشکەوتووانە بەعێراق نەفرۆشێت، بەڵام بەغدا سوورە لەسەر ئەوەی گرێبەستەکە بەو شێوەیە بێت کە گفتوگۆی لەسەر کراوە.
فڕۆکەی ڕافال فڕۆکەیەکی شەڕکەری فرە ڕۆڵە کە لەلایەن کۆمپانیای داسۆڵ ئەڤیەیشن بەرهەم هێنراوە، توانای ئەنجامدانی باڵادەستی ئاسمانیی و هێرشی زەمینی و سیخوڕیی هەیە.
