قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتیمانی عێراق لەنووسراوێکدا داوای قەغەکردنی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە لەهەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی ئەو نوسراوە کە وێنەی دەست شارپرێس کەوتووە، ئاڕاستەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی عێراق و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی هەرێم کراوە، داوادەکات، هەموو کاروچالاکییەکی سیاسی، سەربازیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی تەواوی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لەسەر خاکی عێراق قەدەغەبکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بوونی ئەو پارتانە لەسەر خاکی عێراق پێچەوانەی دەستوور و یاساکانی عێراقە.
ئەوە لەکاتێکدایە بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس ئاسایشی سلێمانی هەرسێ لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمەنیستی ئێرانی لەزڕگوێزو بانەگەورە ئاگادارکردووە بەزووترین بگوازنەوە بۆ کەمپی سوورداش.
لەلایەکی دیکەوە لەشاری هەولێر بەفەرمانی هێزە ئەمنییەکان بارەگای پارتی کۆماریخوازان داخراوە.