16ى ئه‌م مانگه‌ حاجیان به‌ره‌و سعودیه‌ به‌ڕێده‌كه‌ون

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2065 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج‌و عومرەی هەرێم ئاشكرایده‌كات، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ حەجی ئەمساڵ‌و 16ی ئایار یەکەم کاروانی حاجییان، لەهەرێمی کوردستانەوە بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوێت.


بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوه‌بەرایەتیی حەج‌و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ پێشوازیی لەوەرزی حەجی ئەمساڵ کردوەو هەوڵدەدەین باشترین خزمەت پێشکەش بەحاجیانی کوردستان بکەن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی هەرێم بەردەوام پاڵپشتی پرۆسەی حەج‌و عومرەیە لەهەرێم‌و بۆ ئەمساڵیش حکومەتی هەرێم وەزیری ئەوقاف‌و کاروباری ئایینی ڕاسپاردوه‌ بڕی چوار ملیارو 200 ملیۆن دینار پاڵپشتیی پرۆسەی حەجبکرێت تاوەکو تێچوی حەج لەسەر هاوڵاتیان کەمبکرێتەوە.

نەقشبەندی باسی لەوەشکردوە، 16ی ئایاری 2025، یەکەم کاروانی حاجییانی کوردستان بەرەو سعودیە بەرێدەکەون.

ڕۆژانی 16و 17ی ئایار هەزارو 645 حاجی بەڕێگه‌ی وشکانی بەڕێدەکەون‌و 19ى مانگیش سێ هەزارو 491 حاجی، لەهەردوو فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی هەولێرو سلێمانییەوە بەڕێدەکەون.

بەڕێوەبەری گشتیی حەج‌و عومرەی هەرێم سەبارەت بەگەشتی وشکانی ڕایگەیاند، "حاجیانی پارێزگای سلێمانی‌و پارێزگای هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین‌و گەرمیان، ڕۆژی 16ی ئایاری 2025، بەڕێدەکەون‌و حاجیانی پارێزگای هەولێرو پارێزگای دهۆک‌و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران‌و زاخۆ، لەڕۆژی 17ی ئایاری 2025، بەرەو عەرەبستانی سعودیە بەڕێدەکەون، ئەوانەشى کە بەفڕۆکە دەچنە حەج، ڕۆژی 19ی ئه‌م مانگه‌ گەشتەکانیان دەستپێدەکات تاوەکو 28ی ئایاری 2025، بەردەوامدەبێت.