دادگاکانی عێراق داوای شەرع دەکەن‌و حکومەتیش بانگهێشتی بەغدای دەکات

عیراق

27/04/2025‌ 156 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرباری ئەوەی ئەحمەد شەرع لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە بەتۆمەتی تیرۆر داواکراوە، بەڵام وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق بەمەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی، بانگهێشتی بەغدای دەکات.


ئەحمەد بەدرانی، وەزیری ڕۆشنبیریی عێراق بە بە میدیای فەرمی ولاتەکەی ڕاگەیاندوە،" لەسەر ڕاسپاردەی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، بانگهێشتنامەیەکمان ڕادەستی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کرد، بۆ ئەوەی لە لوتکەی عەرەبی ئامادەبێت، کە بڕیارە لە 17ـی مانگی داهاتوو لە بەغدا بەڕێوەبچێت ".

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە لوتکەکەدا ئەو ئاڵنگارییانە تاوتوێ دەکرێن کە ڕوبەڕوی وڵاتانی عەرەبی دەبنەوە.

ڕۆژی 17ی ئەم مانگە بۆ یەکەمینجار محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا لە قەتەڕ کۆبونەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەحمەد شەرع پێش دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی سوریا، بەتۆمەتی پەیوەندیکردنی بە ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە عێراق زیندایکراوە و تاکو ئێستاش لە دادگاکانی عێراق داواکراوە.