شارپرێس:
ماڵپەڕی ماکۆر ڕیشۆنی ئیسرائیلی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئێران سیاسەتی کاتکوشتنو شاردنەوەی نیازی ڕاستەقینەی خۆی لەهەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی پەیڕەو دەکات، سەرەڕای بەردەوامی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەهەڵکوتانەسەر ئەرشیفێکی نهێنی ئەتۆمی ساڵی 2018ی ئیسرائیل کردوە لەتارانو دزینی زیاتر لە100 هەزار بەڵگەنامە کە پلانەکانی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی ئاشکرادەکات، لەوانە پلانی پیتاندنی چەکی ئەتۆمیو دیزاینی کڵاوەی جەنگی.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای حەوت ساڵ لەو پرۆسەیە، ڕافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، ئێران لەئێستاوە خاوەنی ئەو مادەیەی کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەند کڵاوە ئەتۆمییەک.
جەختی لەوەکردوهتەوە، پرۆسەکە تەنها چەند مانگێکی دەوێت نەک ساڵانو ئاماژەی بەناشەفافیەتی ئێران کرد.
ماڵپەڕەکە ئاشکرایکردوە، هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لەئەیلولی 2024 باڵەخانەیەکی دامەزراوەی سەربازیی پارچین کردە ئامانج کە بۆ تاقیکردنەوەی هەستیاری ئەتۆمیی بەکاردەهێنرا، ئەو شوێنەی لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا نەبوە.
ماکۆر ڕیشۆن ئەم ڕوداوانەی بۆ تیشکخستنەسەر لاوازی ڕێککەوتنی ئەتۆمی 2015 زانی کە میکانیزمی پشکنینی دەستبەجێو کاریگەر نەبوو.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕەکە لەزاری تولسی گابارد بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە، ئێران بەردەوامە لەڕەتکردنەوەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بەئاشکرا، بەڵام کۆگا ئەتۆمییەکەی گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی لەمێژودا کە بەسە بۆ دروستکردنی لانیکەم شەش بۆمبی ئەتۆمی.
بەڵام ماڵپەڕەکە هۆشداریدەدات لەوەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران هێشتا لەهەوڵی ئەوەدایە کە فاکتەری کات بۆ شاردنەوەی تەماحە ئەتۆمییە سەربازییەکانی خۆی بقۆزێتەوە.
