شارپرێس:
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم (SIPRI)، پێشبینیدەکرێت، خەرجییە سەربازییە جیهانییەکان لەساڵی 2024دا بگاتە ئاستێکی بێوێنەی لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوەو بگاتە 2.7 ترلیۆن دۆلار.
دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم ڕێژەیە ساڵانە بەبەراورد بەساڵی 2023 بەڕێژەی 9.4% زیادیکردوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە شەڕو ململانێکان بەتایبەتیی لەئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەیسەندوە.
توێژەر شیاو لیانگ ڕونیکردوهتەوە، ئەم زیادبونە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانە.
هۆشدارییشدەدات لەلێکەوتە کۆمەڵایەتییو ئابورییو سیاسییەکان، چونکە هەندێک لەوڵاتانی ئەوروپی ناچاربون خەرجی هاوکارییەکان کەمبکەنەوەو باج بەرزبکەنەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بەرزبونەوەی تێچوی بەرگریی.
ئەوەش هاتوە، ئەوروپا گەورەترین زیادبونی خەرجییە سەربازییەکانی بەخۆیەوە بینیوە کە بەڕێژەی 17% زیادیکردوەو گەیشتوەتە 693 ملیار دۆلار.
ڕوسیا 149 ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی هێزی سەربازیی وڵاتەکەی تەرخانکرد کە بەبەراورد بەساڵی ڕابردوو بەڕێژەی 38% زیادیکردوە، لەکاتێکدا ئۆکرانیا 34%ی بەرهەمی ناوخۆیی خۆی بۆ خەرجییە سەربازییەکان تەرخانکردوە، بەڵام بودجەی بەرگریی بەبڕی 64.7 ملیار دۆلار تەنها 43%ی تواناکانی ڕوسیای پێکهێناوە.
لەئەڵمانیا، خەرجییەکانی بەرگریی بەڕێژەی 28% بەرزبوەتەوەو گەیشتوەتە 88.5 ملیار دۆلار، بەمەش گەورەترین بەشداربوی سەربازییه لەئەوروپای ناوەڕاستو ڕۆژئاوا، ئەمریکا بەردەوامبوو لەپێشەنگی جیهان لەخەرجییە سەربازییەکان، بەڕێژەی 5.7% زیادبونی بودجەی وڵاتەکەی بۆ 997 ملیار دۆلار کە دەکاتە 37%ی خەرجییە جیهانییەکان.
هەروەک ئیسرائیلیش بودجەی بەرگریی بەڕێژەی 65٪ بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیو ئێرانیش بەهۆی فشارە ئابورییەکانەوە بەڕێژەی 10٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
لەئاسیا، چین خەرجی بەرگریی خۆی بەڕێژەی 7% زیادکردو گەیشتە 314 ملیار دۆلار، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گرنگیدانەکەی بەمۆدێرنکردنی سەربازییو بەرزکردنەوەی توانا ئەلیکترۆنیو ئەتۆمییەکانی.
