شارپرێس:
لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق داوا لەوەزارەتی نەوت دەکات، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کەشتییە نەوتییەکان لەلیژنەکەیان میوانداریی بکرێت.
بەگوێرەی نوسراوێک کە زیاد جەنابی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق لە 17ی حوزەیرانی 2025 ئاراستەی وەزارەتی نەوتی کردوە، داوادەکات، عەلی قەیس عەبدولجەبار بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کەشتییە نەوتییەکانی عێراق لەلیژنەکەیان ئامادەبێت بۆ "مەبەستی بەدواداچونو تاووتوێکردنی ئەو زانیارییانەی بەلیژنەکەیان دراوە".
لەنوسراوەکەدا ئەو بابەتانە باسکراون کە بەهۆیەوە داوای میوانداریکردنی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتیان کردوە، لەوانە ڕەزامەندیدان لەسەر گرێبەستی تایبەت لەگەڵ کۆمپانیای (VS Oil Terminal) بۆ دروستکردنی کۆگای نەوت لەبەندەری خۆر زوبێر، باسکردنی تێچوی بەکرێگرتنی ئەو کۆگایانە، پشکی مانگانەی کۆمپانیای کەشتییەکانی نەوتی عێراق لەو پارەیەو شێوازی فرۆشتنی نەوت بەو کۆمپانیایە (VS Oil Terminal).
یەکێک لەپرسەکانی دیکە، زانینی میکانیزمی گرێبەستکردنو بەکرێدانی کەشتییە نەوتییەکانو کۆگاکانی نەوت لەبەندەرەکان بەهاوبەشی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)و بڕی پارەکانیان، هەروەها تێچوی چاککردنەوەی کەشتییەکانی نەوتی سەر بەکۆمپانیای کەشتییە نەوتییەکانی عێراقو شێوازی دیاریکردنی ئەو لایەنەی کە چاکیان دەکاتەوە.
یەکێک لەپرسەکانی دیکە لەبارەی ئیفادی تایبەت بەکۆمپانیاکەی سەر بەوەزارەتی نەوتە لەدوو ساڵی ڕابردودا.
خالید ڕێکانی ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "تێبینى زۆر لەو کەرتە هەیەو دوای میوانداریکردنەکە ڕاپۆرتێک ئامادەدەکرێتو ئەگەر کەمتەرخەمی هەبێت، دۆسیەکە دەدرێتە دادگا".
لە22ی حوزەیران، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق وەڵامی نوسراوەکەی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی دایەوە بەوەی عەلی قەیس عەبدولجەبار دۆخی تەندروستیی باش نییەو داوایکردوە کە ئەو میواندارییەکە دوابخرێت بۆ کاتێکی دیکە.
خالید ڕێکانی ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارە دوای دەستپێکردنەوەی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاى کەشتییە نەوتییەکانی عێراق بانگهێشتی لیژنەکەمان بکرێت".
